كار بۆ هاوتاكردنی مووچەی توێژێكی هەرێم لەگەڵ بەغدا دەدرێت
  2026-06-09       270       

وەزارەتی شەهیدان ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێم کاردەكات بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لەمیانی راگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری بەئامادەبوونی عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و دکتۆر ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ، لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی كرد كە تایبەت بوو بە ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ".

ئەوەش هاتووە "لە کۆبوونەوەکە تیشک خرایەسەر دواین هەوڵەکان بەمەبەستی هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە لەمانگی ئازاری ئەمساڵ دەرچووە، ئەوەش دوای کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق هاتووەتە ئاراوە".

هاوکات، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەمەبەستی گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانییانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق و دابینکردنی شایستەی دارایی بۆیان سەردانی شاری بەغدا بکات.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×