
ئازاد بەرزنجی
دوێنێ و لە ماڵە کەلەپوورییەکەی "ئەحەی کڕنوو" دا بۆ ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی نووسەری هەڵکەوتووی بواری شانۆ و دراما، مامۆستای کۆچکردوو "سمکۆ ناکام" ی دەقەکانی وەک "خولە چەخماخە" و "لانەوازان" و "ڕەجەب و پیاوخۆران" و "گوڵەمێخەک" و چەندانی تر، کە کۆمەڵێک هونەرمەند و شانۆکار و ئەدەبدۆست ئامادەی بوون، بەناوی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردییەوە وتارێکم ئامادە کرد و خوێندەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
شانۆکارانی ئازیز، ڕووناکبیران، دۆستانی قەڵەم و دڵسۆزانی فەرهەنگ؛ ئامادەبووانی شکۆمەند.
ئەمڕۆ لێرەدا و لەم شوێنەدا، ئێمە تەنها بۆ ئەوە کۆنەبووینەتەوە تا یادەوەریی پیاوێک بگێڕینەوە. ئێمە لێرەین تا بە دیار برینێکی قووڵی مێژووی هونەری و ڕۆشنبیریی خۆمانەوە دابنیشین. لێرەین بۆ تێڕامان لە مێژووی هونەر و شانۆ و درامامان، لە کۆچ و تەنیایی و غەریبیی کۆڵەکەیەکی گەورە و پتهوی ئەدەبیاتی شانۆ و درامای کوردی؛ کە ئەویش مامۆستا و نووسەری داهێنەر، سمکۆ ناکام ە کە لە سەرەتای حەفتاکانەوە و لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی بەتوانای تردا و لەڕێی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردییەوە، بوونە بنچینەیەکی پتەو بۆ ساختومانی شانۆ و درامای کوردی.
ئەو ناوەی کاتێک بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێینەوە، ناخی هەر شانۆکار و هونەرمەندێکی ڕەسەن دەخاتە هەژانێکی قووڵ و بێدەنگەوە و تەزوو بە دەمارەکانی شانۆی کوردیدا دێت. سمکۆ ناکام تەنها شانۆنووس و درامانووسێکی ئاسایی نەبوو، ئەو پزیشکی دەروونی و جەستەیی کۆمەڵگایەکی نەخۆش و بریندار بوو. شانۆ لای ئەو، ئامرازێکی کات بەسەربردن نەبوو، بەڵکو نەشتەرێک بوو بۆ بنکۆڵکردنی کێمی برینە کۆمەڵایەتییەکان، هاوارێک بوو دژ بە ستەم و خوێندنەوەیەکی قووڵ بوو بۆ جەوهەری ئینسانی کورد و کێشەکانی.
ئامادەبووانی بەڕێز
گەورەیی سمکۆ ناکام لەوەدا بوو کە پێشبینی داهاتووی دەکرد. ئەو کاتێک کارەکتەرەکانی دەخولقاند، تەنها ڕووداوێکی مێژوویی کاتیی نەدەنووسییەوە، بەڵکو وێنەی ئینسانی کوردی بۆ هەموو سەردەمەکان دەکێشا.
سەیری دەوروبەری خۆمان بکەن؛ مەگەر ئەمڕۆ، لەم جەنجاڵستانەی ئێستاماندا، «خولەچەخماخە» و خولە چەخماخسازەکان کەم بوونەتەوە؟ نەخێر، تا بێت زۆرتر دەبن! ئەی ئەو مرۆڤە سادە و ڕەسەنانەی کە دەیانەوێت بە ڕەنجی شانی خۆیان بژین، بەڵام چەرخی زەمانە و ستەمی سیستەمەکان، دەیانکەنە قوربانی؟
مەگەر «لانەوازان» لە کۆمەڵگای ئێمەدا کۆتاییان هات؟ کاتێک بە شەقامەکاندا تێدەپەڕین، چەندین لانەوازی تر دەبینین کە لە پەراوێزی چەقەڵستانی ژیاندا، بە بێدەنگی دەژین و کەس هەست بە کڕووزانەوە و ئازارەکانیان ناکات. ئەوان لە ژێر قورسایی فەرامۆشکردندا دەچەمێنەوە و هیچ چاوێک نییە ئاوڕیان لێ بداتەوە.
ئەی چەند «عەول»ی ماندووی «گوڵەمێخەک» لە دەوروبەرمانن؟ کارەکتەری عەول، سەربردەی هەموو ئەو گەنج و مرۆڤە بەلەنگازانەیە کە هێندە دەست و قاچیان لە دەوارە ڕەشەکانی بێدەرەتانیدا دەشێلرێ، هێندە ڕادەکەن و ناگەن، هێندە هاوار دەکەن و نابیسترێن و پشت وپەنایەکیان نییە، دواجار هیچ شتێک شک نابەن جگە لە ڕادەستبوون بە نائومێدییەکی کوشندە نەبێت.
تەنانەت مرۆڤە چەند ڕووەکان و خاوەن دەمامکەکان کە سمکۆ لە دەقەکانیدا ڕیسوای دەکردن، ئەمڕۆ نەک هەر کەم نەبوونەتەوە، بەڵکو بوونەتە پاڵەوانی سەر شاشەکان و گۆڕەپانەکە! زۆربوونی ئەم مرۆڤە دەمامکدارانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دید و ڕوانینی سمکۆ بۆ مرۆڤی کورد، خوێندنەوەیەکی پێشبینیکەرانە بووە.
ئەفسوس، ئەم دەنگە زوڵاڵە و ئەم قەڵەمە سەرکەش و دلێرە لە بەرامبەر ناشرینییەکاندا، لە ساڵی ١٩٧٨دا ڕێگەی هەندەرانی گرتەبەر و لەوێ، بۆ ساڵانێکی زۆر لە تەمومژی تاراوگەدا، مۆمی تەمەنی لە ناو تەنیایی، دابڕان و غەریبییەکی کوشندەدا سووتا. کاتێک نیشتمان و کۆمەڵگا نەیانتوانی یان نەیانویست قەدری ئەو جوانی و قووڵییە بزانن کە سمکۆ پێی دەبەخشین، کاتێک غەریبی و نەخۆشی پێکەوە زەفەریان بە جەستە و ڕۆحی ماندووی برد، نائومێدییەکی هاوشێوەی عەولی گوڵەمێخەک، دڵی داگیر کرد. ئەو نائومێدییە هێندە کێشێکی قورسی هەبوو، کە لە دوا ساتەکانی ژیانیدا، وەسیەتێکی جەرگبڕ و ناوازەی لە پاش خۆی جێهێشت. وەسیەتێک کە باری قورسی هەموو غەریبیی مێژووی ئێمەی هەڵگرتووە. ئەو گوتی: "دوای مەرگم لاشەکەم مەبەنەوە بۆ نیشتمان و... با لێرە ببێتە خۆڵەمێش"
ئەم وەسیەتە، بەتەنها داوایەکی کەسیی غەریبێک نەبوو؛ بەڵکو دوا لۆمە، دوا بەرد و دوا ناڕەزایەتیی ڕۆشنبیرێکی یاخی بوو لە کۆمەڵگایەک کە زیندووەکانی خۆی تەریک دەخات و فەرامۆشیان دەکات و تەنها دوای مەرگ، فرمێسکی تیمساحی و شیوەنی درۆزنانەیان بۆ دەگێڕێت. خۆڵەمێشی جەستەی سمکۆ، ئاوێنەیەکە کە تێیدا بێوەفایی خۆمانی تێدا دەبینینەوە. ئەو نەیویست لە خاکێکدا بنێژرێ کە تەنها مردووەکانی خۆش دەوێت.
ئامادەبووانی خۆشەویست...
سمکۆ ناکام گەرچی جەستەی خۆی سپاردە ئاگر و خۆڵەمێشەکەی لە تاراوگەدا جێ ما، بەڵام پیت و وشە و کارەکتەر و دەقە شانۆییەکانی هەرگیز نەسوووتان و ناشسووتێن. خولەچەخماخە لای ئێمە دەژی، لانەوازان شایەتی مێژوومانن و برینی عەولیش هێشتا لە جەستەماندایە.
ئەو ئەمڕۆ لە ناو دێڕەکانی مێژووی شانۆ و درامای کوردیدا هەر بە نەمری ماوەتەوە. یادکردنەوەی ئەو، تەنها گێڕانەوەی ڕابردوویەک نییە، بەڵکو پەیامێکە بۆ هەموومان؛ کە چیتر ڕێگە نەدەین داهێنەرانمان لە ناو تەنیایی و غەریبیدا بپووکێنەوە. با فێربین تا زیندوون قەدری باڵایان بزانین، پێش ئەوەی فەرامۆشی و غەریبی و نائومێدی ببنە دوا مەنزڵگە و مەرگیان ببێتە دوا تابلۆی ناڕەزایەتی.
سڵاو لە ڕۆحی پاک، سەرکێش و ئازاردیدەی سمکۆ ناکام.
دروود بۆ عەشقە گەورەکەی ئەو و هەم بۆ ڕۆحی هاوڕێ هونەرمەندە حەسرەتدیدەکانی تری وەکو عوسمان چێوار و کەمال سابیر و دڵشاد مەریوانی و ئیبراهیم چێوار و تەواوی شەهیدانی ڕێی شانۆ و هونەر و سڵاو لە ئێوەی بەڕێزیش کە ئامادەبوونتان نیشانەی پێزانینە بۆ ڕۆڵی کاریگەری ئەم پیاوە مەزنە لە مێژووی هونەریماندا.
دیسانەوە بەخێر بێن و زۆر سوپاس بۆ گوێگرتنتان.
تیپی شانۆی پێشڕەوی کوردی