وەزیری پێشمەرگەی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە کاری باشیان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، دەشڵێت "ئەمریکا بەڵێنی داوە هاوکارییەکانی بەردەوام بێت".
ئاوێنە: شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاند "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا بووایە و حکومەت پێکبهێنرایە ئەوا دۆخی ئێستای پێشمەرگە باشتر دەبوو".
وەزیری پێشمەرگە روو دەکاتە مەسعود بارزانی دەڵێت، لە سەروو ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوەیت و "دەبێت فەرمان بکات بە کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان".
لەبارەی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمریکا و لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمریکا شۆرش ئیسماعیل وتی "ئەمریکا بەڵێنی داوە هاوکارییەکانی بەردەوام بێت بۆ پێشمەرگە و ئەوانیش هەوڵدەدەن لێکتێگەیشن لەگەڵ واشنتۆن نوێ بکەنەوە".