ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای هەڵەبجە، ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری داخستنی سەیرانگای ئەحمەد ئاوای بەڕووی گەشتیاراندا ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە لەپێناو ئاسانکاریی کارەکانی تیمی فریاگوزاری دێت کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی تـ.ـەرمی کچێکی تەمەن ١٢ ساڵ، دوای ئەوەی تووشی ڕووداوی خـ.ـنـ.ـکان بوو لە ئاوەکەدا.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، ڕووداوەکە کاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە تۆمارکراوە. کچێکی گەشتیار بەناوی (ڕوقیە ڕافد)، کە لەگەڵ خێزانەکەی لە پارێزگای کەربەلاوە ڕوویان لە ناوچەکە کردبوو، لەکاتی وێنەگرتندا دەکەوێتە ناو ئاوی زەڵمەوە و بـ.ـێسەروشوێن دەبێت. لە لێدوانێکدا، باوکی ڕوقیە (ڕافد حوسێن) ئاماژەی بەوە کرد کە کچەکەی بۆ مەبەستی وێنەگرتن چووەتە نزیک ئاوەکە، و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن دایکییەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە، بەردەوام بووە لە وێنەگرتن تا ئەو کاتەی کەوتووەتە ناو ئاوەکە و لەبەرچاویان ون بووە.
لەم بارەیەوە، عابدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە؛ تیمەکانیان لە کاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارەی هەمان ڕۆژەوە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هەڵمەتی گەڕان بەردەوامە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی جەختی لەوەش کردەوە کە سەختیی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکە و سرووشتی ڕێڕەوی ئاوی زەڵم، پرۆسەکەی قورس کردووە، چونکە ئاوەکە لە ناوچەیەکی بەرزەوە بە لێژمە دێتە خوارەوە و بەردی گەورە لەخۆدەگرێت، ئەمەش ڕێگری و ئاستەنگی گەورەی بۆ خێرایی کارەکانی تیمەکەیان دروست کردووە.
لە پێشهاتە تازەکاندا، پارێزگای هەڵەبجە جەخت لەوە دەکاتەوە کە داخستنی سەیرانگاکە بە پلەی یەکەم بۆ پاراستنی سەلامەتی و گـ.ـیانی گەشتیارانە، هەروەها بۆ پێدانی دەرفەتی تەواوە بە تیمەکانی فریاگوزاری بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بەبێ دروستبوونی قەرەباڵغی، هاوکات داواکارن لە سەرجەم هاووڵاتیان کە بەتەواوی پابەندی ئەو بڕیارە بن تا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەکە.