پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نوێترین لێدوانیدا هەڵوێستی فەرمی هەولێری لەسەر ژمارەیەک پرسی هەستیاری نێوان هەرێم و ناوەند و چەند پرسێکی خزمەتگوزاری ناوخۆیی خستەڕوو.
هەولێر و بەغدا؛ لە مووچەوە بۆ بودجە
ئاوێنە: وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانە لەگەڵ بەغدا. ئاماژەی بەوەشدا کە داواکارییەکانی هەرێم تەنیا لە پرسی مووچەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو داوای جێبەجێکردنی تەواوەتی یاسای بودجە دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش و لەسەر پێشنیازی حکومەتی هەرێم، بڕیارە لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەری کێشەکان پێکبهێندرێت، کە بە وتەی ناوبراو، بەغداش پێشوازی لەو هەنگاوە کردووە.
هەورامانی دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەی کە بەهۆی بارودۆخ و شەڕی ناوچەکەوە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە.
پرسی نەوت و سیستەمی ئەسیکۆدا
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان، پێشەوا هەورامانی ئاشکرای کرد کە هەردوو حکومەت لە ڕێککەوتن نزیک بوونەتەوە. ڕوونیشیکردەوە کە کۆمپانیا نەوتییەکان خواستی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان نیشانداوە، بەڵام لە بەرامبەردا داوای "گەرەنتی ئەمنی" دەکەن. لای خۆشییەوە حکومەتی هەرێم دەیەوێت لەرێگەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەوە، هاوکاری عێراق بێت لە کەمکردنەوەی قەیرانە داراییەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناوبراو تیشکی خستە سەر سیستەمی گومرگی "ئەسیکۆدا" و ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم دژی جێبەجێکردنی سیستەمەکە نییە. بەڵام ڕەخنەی لە کاتی جێبەجێکردنی گرت و پێی وابوو کە دەبوو هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، زووتر هەرێمی کوردستان لەو سیستەمە ئاگادار بکرایە بۆ ئەوەی دەرفەتی تەواویان بۆ ئامادەکاری پێشوەختە هەبێت.
قەیرانی بەنزین و پڕۆژەی کارەبا
لەبارەی پرسە ناوخۆییەکان و گلەیی هاووڵاتیانەوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دڵنیایی دا کە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەم دواییانەدا "کاتییە و چارەسەر دەکرێت".
سەبارەت بە کەرتی کارەباش، ڕۆڵی گرنگی غازی لە بەرهەمهێنانی وزەدا بیرخستەوە و ڕوونیکردەوە کە زۆربەی ئەو کێشانەی دروست دەبن هۆکارەکەی کێشەی تەکنیکییە. لە کۆتاییشدا جەختی لەسەر ئامانجی "پڕۆژەی ڕووناکی" کردەوە، کە تیایدا حکومەت هەوڵ دەدات کارەبای ٢٤ کاتژمێریی بەردەوام بە تێچوویەکی کەم بۆ هاووڵاتیان دابین بکات.