بەغدا پابەندبوونی خۆی بە مووچەی هەرێم دووپات دەکاتەوە و پلانێکی نوێ بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت ڕادەگەیەنێت
  2026-06-10       210       

حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی وتەبێژی فەرمی خۆیەوە، چەند ڕوونکردنەوەیەکی گرنگی لەبارەی دۆخی دارایی، مووچەی فەرمانبەران، دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی دەرەوەی وڵات خستە ڕوو، جەختیشی لەسەر جێگیریی دۆخی ئابووری کردەوە.

ئاوێنە: حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی فەرمی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەناردەی هەواڵەکانی عێراق ڕایگەیاند، کە شایستە دارایی و مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینانی وڵات بە تەواوی دابینکراو و دەستەبەرکراوە. ناوبراو دەنگۆکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان یان گرتنەبەری ڕێکاری نائاسایی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە هیچ پلانێک بۆ چاپکردنی دراوی نوێ لەئارادا نییە.

سەبارەت بە دۆسیەی هەرێمی کوردستان، عەبوودی پابەندبوونی تەواوی بەغدای بە دابینکردن و ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە حکوومەتی فیدراڵی لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بە مەبەستی زیادکردنی قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە بەهێزکردنی ئابووری گشتی.

لە ڕووی ناوخۆیی و پرۆسەی سیاسییەوە، گوتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکات دوای تەواوبوونی پشووی یاسادانانی، تاوەکو بتوانرێت پۆستە بەتاڵەکانی کابینە وزارییەکە تەواو بکرێن و دەنگیان لەسەر بدرێت.

عەبوودی تیشکی خستە سەر دۆسیەی چاکسازییە داراییەکانیش و ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی جیهانیی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) هەنگاوێکی سەرەکییە کە حکوومەت گرتوویەتیە بەر، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی وڵات.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق باسی لە پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی عێراق کرد و جەختی کردەوە، بەغدا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاکەکەی ببێتە مەیدانێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، یان بنکەیەک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی چوارچێوەی دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەکە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×