لە نوێترین پێشهاتدا سەبارەت بە کەیسی لـاهـور شـێـخ جـەنـگـی، ناوبراو بە توندی هەموو جۆرە رێککەوتن و "سوڵح"ـێک رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنها پێویستە دادگـا لە رێگەی رێکارە یاساییەکانەوە دۆسیەکەی یەکلایی بکاتەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێکی تیمی پارێزەرانی ناوبراو، دوای ئەوەی سەردانیان بۆ ناو زیـنـدان ئەنجامداوە، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دۆخی تەندروستی لـاهـور شـێـخ جـەنـگـی زۆر باشە و بە تەواوی جێگیرە. لە میانی سەردانەکەشدا، ناوبراو پەیامێکی ئاراستەی رایگشتی و ناوەندە یاساییەکان کردووە و تیایدا پێداگری کردووە کە دەبێت سەروەری یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت، هەروەها نابێت رێگە بە هیچ هەنگاو و رێکارێک بدرێت کە لە دەرەوەی یاسا کار لەسەر دۆسیەکەی بکات.
لەلایەکی دیکەوە، لەسەر رەوتی بەڕێوەچوونی کەیسەکە، لـاهـور شـێـخ جـەنـگـی بە فەرمی داوای کردووە سەرجەم دانیشتنەکانی دادگـا رابگیرێن، ئەمەش تا ئەو کاتەی دادگـای پێداچوونەوە (تەمیز) بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکات و وەڵامی سەرجەم داواکارییە یاساییەکان دەداتەوە بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، تیمی پارێزەرانی بەرگری جەختیان لە گرنگی سەربەخۆیی دادگـاکان کردووەتەوە و داواکارن کەشێکی تەواو دادپەروەرانە بۆ دۆسیەکە دابین بکرێت. هەروەها هۆشداری دەدەن کە دەبێت رێڕەوی یاسایی پرۆسەکە بە تەواوی پارێزراو بێت و دوور بێت لە هەر جۆرە دەستوەردان و گـوشـارێکی سـیـاسـی کە کاریگەری لەسەر بڕیارەکان هەبێت.