دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە شاری بەغدا، توانێتی پیلانێکی مەترسیداری تیرۆریستی پووچەڵ بکاتەوە، کە ئامانج لێی تیرۆرکردنی بەرپرسە باڵاکانی دەزگاکە بووە.
ئاوێنە: لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی ئاشکرایکردووە، مەفرەزەکانیان لە شاری بەغدا گروپێکیان دەستگیرکردووە کە خۆیان بە ناوی (کۆمەڵەی نیشتیمانیی عێراقی بۆ رزگاری و گۆڕانکاری) ناساندووە، ئەم باندەش پەیوەندیی راستەوخۆیان بە حزبی بەعسی قەدەغەکراوەوە هەبووە.
سەبارەت بە ئامانجی گروپەکە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم باندە پلانیان دانابوو کردەوەی تیرۆریستی دژی هەریەک لە عەبدولکەریم بەسڕی، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی، بەڕێوەبەری ئاسایشی بەغدا و ژمارەیەک ئەفسەری باڵای دیکە ئەنجام بدەن."
دەزگاکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، تۆمەتبارەکان لە کاتی دەستگیرکردنیاندا لە قۆناغی کۆکردنەوەی زانیاری، دیاریکردنی ئامانجەکان و ئامادەکردنی چەک و تەقەمەنیدا بوون بۆ ئەوەی پیلانەکەیان جێبەجێ بکەن.
لە ئێستاشدا، سەرجەم ئەندامانی باندە دەستگیرکراوەکە رادەستی دادگا کراون بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و سزادانیان.