پڕوپاگەندەکان ڕەتکرانەوە؛ “کەسانێک دەیانەوێت زیان بە بەرهەمی ناوخۆیی بگەیەنن”
  2026-06-14       257       

دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگۆی دابەزینی کوالێتی بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان بەهۆی بەکارهێنانی مادەی کیمیاییەوە بڵاوبووەوە، ئەمڕۆ لە عەلوەی شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دەنگۆیانە ڕێکخرا.

​لە کۆنگرەکەدا، حاجی سەروەر، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ڕەتیکردەوە کە هیچ جۆرە دەرمانێکی کیمیایی بۆ پێگەیاندنی بەرهەمەکان بەکارهێنرابێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە، ساردکردنەوەی هاووڵاتییانە لە بەکارهێنانی بەروبوومی ناوخۆیی، بەتایبەتی شووتی. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی لەباری کەشوهەواوە، کوالێتی بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لە ئاستێکی بەرزتردایە و جوتیاران تەنها پەینی ئاژەڵی بۆ پێگەیاندنی بەروبوومەکانیان بەکاردەهێنن.

​سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆییەی کە زیانگەیاندن بە شووتی پیشان دەدات، سەرۆکی سەندیکاکە ڕایگەیاند کە مانەوەی شووتی بۆ چەندین ڕۆژ لەبەر تیشکی خۆردا نابێتە هۆی دروستبوونی ئەو جۆرە زیانە، و ئەو کارەی بە هەوڵێکی مەبەستدار بۆ ناشیرینکردنی بەرهەمی خۆماڵی وەسف کرد. هاوکات داوای لە وەزارەتی کشتوکاڵ کرد کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی جددی بۆ ڕاست و دروستی ئەو پڕوپاگەندانە بکات کە دژی بەرهەمی جوتیاران دەکرێن.

​لە بەشێکی تری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، عەتا محەمەد، وتەبێژی عەلوەی سەوزە و میوەی سلێمانی، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە بێنە سەر خەت بۆ ڕێگریکردن لەو کەسانەی دەیانەوێت لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومدا، ڕێگری لە فرۆشتن و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بکەن.

​هەروەها وتەبێژەکەی عەلوەی سلێمانی دوو داواکاری سەرەکی ئاراستەی حکومەت کرد، کە بریتین لە:

​چاودێری سنوورەکان: دابینکردن و دانانی تاقیگەی پێشکەوتوو لە دەروازە سنوورییەکان بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی ئەو بەرهەمانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن.

​پشکنینی مەیدانی: گواستنەوەی تاقیگەکانی ناو عەلوەکان بۆ ناو کێڵگە کشتوکاڵییەکان، بە مەبەستی پشکنینی ڕاستەوخۆ و هاوکاریکردنی زیاتری جوتیاران لە پرۆسەی پێگەیاندن و بەرهەمهێناندا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×