بەغدا گەرەنتی ئەمنی دەداتە کۆمپانیا نەوتییەکان؛ وردەکاریی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و سوپاسالاری عێراق
  2026-06-14       165       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی سەربازیی عێراق کۆبووەوە و سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت، جەختی لە گرنگیی ئەو هەوڵانە کردەوە و بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بووژانەوەی ئابووریی وڵاتی ناوبرد.

ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەمی ڕوکن، عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە مەبەستی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕوونکردەوە، کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بووە.

​ئامانجی سەردانەکە، وەک شاندەکە ڕایانگەیاند، بریتییە لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەمنیی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، ئەمەش لەپێناو دابینکردنی گەرەنتیی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشیی لە سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق بەسەر تیرۆردا کرد، کە بە هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە (وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق) بەدەستیان هێناوە. هەروەها هیوای بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوانیانی خواست، لەپێناو نەهێشتنی بۆشاییی ئەمنی لەو ناوچانەی کە جموجووڵی تیرۆریستانی تێدایە. هەر لەو ڕوانگەیەوە، ستایشی هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدای کرد.

​سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی پرۆسەکە کردەوە و بە هەنگاوێکی ستراتیژی و کاریگەر بۆ بووژانەوەی ئابووریی وڵات لە قەڵەمی دا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە (کە وەزیری کاروباری پێشمەرگە و سوپاسالاری پێشمەرگە ئامادەی بوون)، تایبەت بوو بە دووپاتکردنەوەی پێویستیی بوونی پلانی هاوبەش و هاریکاریی ئەمنی لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×