سه‌باح نو‌عمان، وتەبێژی عه‌لی زه‌یدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێککەوتنێکی نێوان بەغدا و هەولێری لەسەر چه‌ند پلانێكی تۆكمه بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان ئاشکرا کرد.
ئاوێنه: سه‌باح نو‌عمان، لە راگه‌یه‌ندراوێکدا وتی "بە فه‌رمانی عه‌لی زه‌یدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئابوری، ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنیی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا، سوپاسالاری عێراق و بە ئەندامێتی یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکان بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان، فەرماندەی هێزە وشکانییەکان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی و ئەفسەرانی باڵا، سەردانی پارێزگای هەولێریان کرد بە مەبەستی تاوتێکردنی هەماهەنگی هاوبەش و پاراستنی دامەزراوە گرنگه‌كان."
وتوشیه‌تی، شاندەکە دەستبەجێ دوای گەیشتنی، چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی ستراتیژیی ئەنجامدان له‌گه‌ڵ هه‌ریەکە لە مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم بە ئامادەبونی وەزیری ناوخۆی هەرێم، ئەمینداری گشتیی پێشمەرگە و نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا؛ تێیدا ڕێککەوتن کرا لەسەر داڕشتنی چه‌ند پلانێكی توكمه بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆتاییهێنان بە بەئامانجگرتنیان، بەجۆرێک کە زەمینە خۆش بکات بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەپێناو بوژانەوەی ئابوری و پاڵپشتیکردنی ئاوەدانکردنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، "له کۆبونەوەکاندا هه‌ردولا جه‌ختیان كرده‌وه له‌سه‌ر بەردەوامیی کاری هاوبەشیی نێوان سوپا‌و پێشمەرگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئه‌منییه‌كان و ڕاوەدونانی تێرۆریستان."
نو‌عمان وتوشیه‌تی، لەلای خۆیەوە، سەرۆکی هەرێم ستایشی "هەماهەنگییە توندوتۆڵەکەی لەگەڵ بەغدا" کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بوژانەوەی وڵات، تا سەرکردایەتی سەربازی دوپاتی بکاتەوە کە ئاسایشی دامەزراوە گرنگه‌كان بنەمایەکی سەروەریی نەگۆڕە و هیچ سازشێکی لەسەر ناکرێت و تەواوکاریی هەوڵەکانیش گەرەنتییە بۆ پاراستنی سەروەری و بەردەوامیی سەقامگیری."