دوای تۆمارکردنی داوای یاسایی لەلایەن دوو پارێزەرەوە، وەزارەتی تەندروستی و تەندروستی سلێمانی بڕیاریاندا؛ لەمەودوا لە نەخۆشخانەکاندا دەبێت چارەسەری خێرای نەخۆش و بریندار پێش ڕێکارەکانی پۆلیس بخرێت.
ئاوێنە: لە ئەنجامی گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی یاسایی لەلایەن دوو پارێزەرەوە، بڕیار و ڕێنماییەکانی پێشووی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی سەبارەت بە مەرجدارکردنی چارەسەری فریاکەوتن بە بوونی پسوولەی پۆلیس، بە فەرمی هەڵوەشێندرانەوە. لەمەودوا پێویستە نەخۆشخانەکان دەستبەجێ چارەسەری بریندار و نەخۆشەکان بکەن بێ چاوەڕوانی ڕێکارە پۆلیسییەکان.
بەپێی زانیارییەکان، هەریەک لە پارێزەران (ئومێد حەمەڕەشید محەمەد جاف) و (بەختیار جەبار جاف)، لە پێناو پاراستنی مافی ژیانی هاوڵاتیان و ڕێگریکردن لە گیانلەدەستدان بەهۆی دواکەوتنی چارەسەری پزیشکییەوە، زنجیرەیەک ڕێکاری یاساییان گرتەبەر. لە ڕێکەوتی ١٩ی نیسانی ٢٠٢٦، لە ڕێگەی فەرمانگەی دادنووسی یەکەمی سلێمانییەوە، دوو هۆشداری فەرمییان ئاراستەی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی کرد. دوابەدوای ئەوەش، دوو داوای یاساییان بە ژمارەکانی (٢٣/ک/٢٠٢٦) و (٢٤/ک/٢٠٢٦) لە دادگای کارگێڕی سلێمانی تۆمارکرد بۆ لابردنی ئەو قەدەغەکردنەی لەسەر نەخۆشخانەکان هەبوو.
لە وەڵامی ئەو فشار و هەوڵە یاساییانەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی تەندروستی بەدەم داواکارییەکانەوە چوون و دوو بڕیاری گرنگیان دەرکرد:
- بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی: بە نووسراوی فەرمی ژمارە (٥٩٢٦) لە ڕێکەوتی ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦، گشتاندنە کۆنەکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا کە دەبێت سەرجەم چارەسەرە فریاگوزارییەکان بەبێ دواکەوتن بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێن و پاشان هێزەکانی پۆلیس لە ڕووداوەکە ئاگادار بکرێنەوە.
- وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم: لە ڕێگەی نووسراوی ژمارە (١١٢٥٢) لە ڕێکەوتی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، وەزیری تەندروستی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو نەخۆشخانەیەک دەستبەجێ بە ئەرکی وەرگرتن و چارەسەرکردنی نەخۆش هەستێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوێکیشدا سەبارەت بەم کەیسە، هەردوو پارێزەرەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی کردووە، بۆ ئەو هەڵوێستە بەرپرسانەیەی نواندیان لە هاوکاریکردن و پێشخستنی گیانی مرۆڤەکان و چارەسەری پزیشکی بەسەر ڕێکارە کارگێڕی و پۆلیسییەکاندا.