چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کوردی دەستبەسەرکراو لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە نادیارە
  2026-06-15       229       

​لە دوو ڕووداوی جیادا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران سێ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە کە یەکێکیان مامۆستایەکی خانەنشینە، و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە لەسەر ئەم بابەتە بڵاوی کردووەتەوە، دەستبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

​لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ڕۆژی ١٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات چوونەتە سەر ماڵی هەریەک لە سەردار ڕەحمانی و ئێحسان ڕەحمانی لە شاری کامیاران. پاش پشکنینی ماڵەکانیان و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکانیان، داوایان لێکراوە دەستبەجێ سەردانی بنکەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە بکەن، بەڵام دوای چوونیان بۆ ئەو بنکەیە و تێپەڕبوونی چەندین کاتژمێر، چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

​ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئەم دوو برایە لە ساڵی پێشووتریشدا (٢٠٢٥)، بەهۆی بەشداریکردنیان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز و بەکارهێنانی هێما تایبەتەکانەوە، لەلایەن هەمان دەزگاوە بانگهێشت کرابوون و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرابوو.

​لەلایەکی دیکەوە، باس لەوە کراوە کە لە ڕۆژی ١٣ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵی مامۆستایەکی خانەنشین بە ناوی یووسف ئەمینی لە گەڕەکی عەلیئاوای شاری بۆکان و دەستبەسەریان کردووە.

​بەپێی زانیارییەکان، یووسف ئەمینی پێشتریش دوای بەشداریکردنی لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە شاری بۆکان، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا بانگهێشت و پاشان دەستبەسەر کرابوو. لەو ئاهەنگەدا بەشێکی زۆر لە ئامادەبووان جلوبەرگی خاکی ڕەنگیان لەبەر کردبوو.

​لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دەوترێت بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە جلوبەرگانە لە پۆشاکی پێشمەرگەی حزبە کوردییەکان دەچێت، بووەتە هۆکاری ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمانە بانگهێشت بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×