لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، هەڵوێستی بزووتنەوەکەی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، پرسی چەکدانان و چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا خستەڕوو. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی هەر هەوڵێک بۆ ئاشتی، ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گرتنەبەری هەنگاوی یاسایی بنەڕەتییە.
ئاوێنە: پەیامەکەی قەرەیلان، کە لە ڕێگەی تۆڕی (گەریلا تیڤی)یەوە بڵاوکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بزووتنەوەکەیان گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و بۆ بەرەوپێشچوون پێویستی بە هەوڵ و دەستپێشخەری زیاتر هەیە.
ڕەخنە لە سیاسەتی ئینکارکردن
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی تورکیا، قەرەیلان ڕەخنەی لە بەردەوامیی "عەقڵیەتی ئینکار" گرت. ئەو ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای گۆڕانکارییە فیکرییەکانی بزووتنەوەی کورد بۆ چارەسەری کێشەکان، هێشتا دەوڵەتی تورکیا پێداگرە لەسەر سیاسەتەکانی پێشووی. بە بڕوای ئەو، تا دەوڵەت گۆڕانکاری لەم تێڕوانینەدا نەکات، گەیشتن بە چارەسەرێکی دیموکراسییانە مەحاڵ دەبێت و تورکیا دەستکەوتەکانی کورد لە ناوچەکەدا تەنها وەک هەڕەشە دەبینێت، ئەمەش ڕێگرە لە دروستبوونی متمانەی ڕاستەقینە.
ڕۆڵی ئۆجەلان و پرسی چەکدانان
لە بەشێکی تری وتەکانیدا، فەرماندەکەی هەپەگە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە میحوەری سەرەکی گفتوگۆکان وەسف کرد، کە لە زیندانی ئیمراڵییەوە هەوڵی بەدەستهێنانی پێگەیەکی نوێ بۆ کورد دەدات.
سەبارەت بە پرسی داماڵینی چەک، قەرەیلان ڕوونیکردەوە کە بڕیارەکانی کۆنگرەی دوازدەی پەکەکە بە واتای چەکدانانی یەکجاری نەهاتووە، بەڵکو بڕیاربووە بۆ وەستاندنی ستراتیژی خەباتی چەکداری. ناوبراو جەختی کردەوە کە تەنها دەرکردنی یاسایەک بۆ چەکدانان بەس نییە، بەڵکو پێویستە ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی و ڕێبەرایەتی ئەو پرۆسەیە بکات، کە ئەمەش بەبێ ئازادکردنی لە زیندان جێبەجێ نابێت و پرۆسەکە بەرەوپێش ناچێت.
سێ مەرجی بنەڕەتی بۆ پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی
بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکانیان بە ئەرێنی بیر لە پرسی چەکدانان بکەنەوە، قەرەیلان سێ مەرجی سەرەکی خستەڕوو:
یەکەم: ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دیاریکردنی پێگەیەکی سیاسی و یاسایی بۆی وەک نوێنەری سەرەکیی کورد.
دووەم: داننان بە بوون و ناسنامەی گەلی کورد بە شێوەیەکی فەرمی لە ناو دەستوور و یاساکانی تورکیادا.
سێیەم: دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ گەڕانەوە و تێکەڵبوونی دیموکراسییانەی چەکدارەکان (گەریلا) بە ژیانی مەدەنی و سیاسییەوە.
قەرەیلان دووپاتیکردەوە کە چەکداربوونیان بە ڕەزامەندی دەوڵەت نەبووە، بەڵکو بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد بووە، بۆیە بەبێ مسۆگەرکردنی ئەو هەنگاوە یاساییانە، چەکدانان ڕوونادات.
بانگەواز بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قەرەیلان هۆشداری دا لەوەی کە پرۆسەی ئاشتی لە ئێستادا کراوەیە بەڕووی هەموو ئەگەرەکاندا و چارەنووسەکەی پەیوەستە بە هەنگاوەکانی داهاتووەوە. لەم سۆنگەیەوە، داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد کە یەکڕیزییەکی نەتەوەیی و ستراتیژیەتێکی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغەکەدا پێکبهێنن.