سی پی تی: سوپای توركیا رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانی 21 گوندی سنوری ئیداره‌ی زاخۆ ده‌كات
  2026-06-15       249       

تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئه‌مریكی رایده‌گه‌یه‌نێت، سوپای تورکیا ڕێگری لە دانیشتوانی 21 گوندی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ده‌كات کە بگەڕێنەوە سەر گوندەکانی خۆیان.

ئاوێنه‌: تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئه‌مریكی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، لە ڕۆژی 10ی حوزەیراندا، ئیدارەی خۆجێی ناحیەی دەرکار و قەزای باتیفا لە زاخۆ، ئاگاداری خەڵکی گوندەکانی دەڤەری “سندی و گولی”یان کرد کە دەتوانن لە 15ی حوزەیراندا بچنەوە بۆ سەردانی گوندەکانی خۆیان کە ماوەی 6 ساڵە سوپای تورکیا داگیریکردون و خەڵکەکەیانی ئاوارە کردون.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، خەڵکی گوندەکانی (سنات، ئێرە، حەفتانین، دێرەشیشێ، مێرگەشیشێ، ئاڤا گیزێ، باجوا) و گوندەکانی گەلی پساغا (بنەخرێ، مارسیس، کەلۆک) و 11 گوندی تر، بۆ سەردانکردنی گوندەکانیان دەکەونەڕێ. کاتێک دەگەنە، گوندی شەرانشی سەرو، دەبینن کە سوپای تورکیا بازگەیەکی لەسەر ڕێگاکە داناوە. گوندنشینە گەڕاوەکان لە ئۆتۆمبێل دادەبەزێنن و پێیان دەڵێن “بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانتان. لە ئێستادا گوندەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمە دان و کەس ناتوانێت بۆی بگەڕێتەوە."

وه‌ك رێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌، لە ساڵی 2020 و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی-پڵنگ)دا، سوپای تورکیا بە قوڵایی نۆ کیلۆمەتر ناوچەی حەفتانین و تەواوی گوندەوارەکانی دەوروبەری داگیرکرد.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، گوندنشینانی 1192 گوندی هەرێمی کوردستان هیوایان وابو کە بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانیان و بێ ترس ژیان بگوزەرێنن. بەڵام تاوەکو ئێستا گوندنشینان ڕێگەیان پێنەدراوە بگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان و هەر لە ئاوارەییدا دەژین.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×