مونشی بەغدادی..!
  2026-06-15       408       

✍️ھێمن مەحموود

 

ئەم کتێبە (سەفەرنامەی مونشی بەغدادی لە تەک مستەر ڕیچدا ١٨٢٠) یاداشتەکانی ھاوەڵێکی مستەر ڕیچی ناسراوە  کە لەگەشتە بەناوبانگەکەیدا بۆ کوردستان کە زیاتر لە دوو سەد ساڵ پێش ئێستا ئەنجامی داوە و بە وردی باسی لە کەشوھەوا، جوگرافیا، خێڵ و ناوچە و ھۆز، دەسەڵاتی سیاسی ئەو سەردەمەی عێراق و ئێران و کوردستان کردووە و بووەتە ئەرشیفێکی گرنگ بۆ مێژووی کورد.
لەڕاستیدا ئەم کتێبە جیاواز لە گەشتەکەی ڕیچ دەتوانین بڵێین جوگرافیایەکە بۆ خۆی، واتە تەواوی کتێبەکە دووری ڕێگای نێوان شارەکانی عێراق بە گشتی و شار و گوندەکانی کوردستان ھەر لە حەمرینە تا کرماشان و سنە بەتایبەتی، ھەروەھا زانیاری لەسەر دیمۆگرافیای ئەو شوێنانە لەوسەردەمەدا لە خۆدەگرێت و پڕ زانیارییە. کەمتر بایەخی بە دیوە کۆمەڵایەتییەکەی ناوچەکان داوە، دەتوانین ئەم کتێبە وەک نەخشەیەکی جوگرافی تەماشای بکەین کە ناوچەکانمان زۆر بە وردی پێدەناسێنێت و ئاشنامان دەکات بە تەواوی شوێن و ناوچەکان.
کتێبەکە زۆر پڕ بایەخە و زانیاری بەسوودی تێدایە، بەڵام
بەداخەوە کتێبەکە ھەڵەچنییەکی باشی بۆ نەکراوە کاتێک چاپکراوە، ھەڵەی زۆری چاپ و ڕێنوسی تێدایە، ئەو ھەڵانە ھەندێجار خوێنەر ماندوو دەکات بە تایبەت لە پەراوێزەکانی وەرگێڕدا.
ھەندێک پەڕەگراف لە کتێبەکە:


🔹 دەرکەزێن: لە چەمچەماڵەوە بۆ ئەوێ چوار فرسەخ و نیو دوورە (دێیەکە نزیکی بازیانە)، لە دامێنی چیایەکدایە، داروباری نییە، زۆربەی دانیشتوانەکەی (زانان) لە دەرگەزێنی ھەمەدانەوە ھاتوون و نیشتەجێی ئەوێ بوون، ناوی دێکەیان بەو ناوە کۆنەیەوە ناوناوە.
لە نزیکی ئاواییەکە چیاکەی باغی ترێ و ھەنار و ڕەزی زۆر ھەیە، نزیکەی سەد کانی لە دێکەدا ھەیە، (مار)ی یەکجاری زۆرە، نزیکەی دوو سەد ماڵێک دەبن، لەسەر ڕێگای دێکەدا دەربەندێکی تەنگ ھەیە(دەربەند بازیان)، سرووشتی خاکەکەێ بەرزونزمی زۆرە. پێشتر دیوارێک بۆ دەربەندەکە کرابوو، لەنێوان ھەردوو چیاکەدا لە گەچ و بەرد دروستکراوبوو، دەرگایەکی ھەبوو، ئەوێ پێی دەگوترا (دەربەند).عەبدولڕەحمان پاشای بابان ساڵی ١٢٢٠ کۆچی بەڕێکوپێکی دروستی کردبوو، بەڵام دواجار سلێمان پاشای بچووک والی بەغدا ساڵی ١٢٢٢ کۆچی ڕووخاندوویەتی.
ئێمە ئێستا وا لە ساڵی ١٢٣٧ی کۆچیداین ھێشتا ڕووخاوە، قەڵایەکی کۆنیش لە نزیکی چیاکەدایە، بەڵام ئەویش ڕووخاوە کارمەندانی پاشا لەو شوێنەی دەربەنەکەدا باج وەردەگرن.


🔹اربل (ئەربیل-ھەولێر):
لە ئاڵتون کۆپرییەوە ھەشت فرسەخ دوورە. شارێکی دێرینە، شوێنێکی کەم ئاوە، لە کۆندا لە شوێنانی ترەوە ئاوی بۆ ڕادەکێشرا. ئێستا شوێنەواری نەماوە. لەسەر گردێک دروستکراوە لە قەڵایەکدا نزیکەی ھەزار ماڵێکی تێدایە، لە دەرەوەی قەڵاکەش چوار ھەزار ماڵی دیکەی تێدایە. بە تورکی و کوردی دەدوێن. ئەربل باغ و بوستانی نییە، بەڵام کشتوکاڵی زۆر لێ دەکرێ. مزگەوتێکی کۆنی رووخاوی تیدایە، بەڵام منارەکەی ماوەتەوە.
(عەنکاوە) سێ فرسەخ لە شارەکەوە دوورە، نزیکەی سێ سەد ماڵی مەسیحی تیدایە، فەرمانڕەواکەش ھەر لە خۆیانە.


🔹ھۆزە عەرەبییەکان:
لە مووسڵەوە تاکو بەغدا ھۆزە عەرەبییەکان تێیدا نیشتەجێن لە ھەردوولای ڕووباری دیجلەدان. لە نزیکی مووسڵ ھۆزی (بوحەمەد)ھەن ھەموویان ڕێگر و دزن، ئەوەی تێیاندا دز نەبێ بە نەنگی دەزانن.نزیکەی ھەزار ماڵ دەبن. ھەروەھا ھۆزەکانی (ھەیازع، عەلگاوی، ئەقرەع، ڕەواشد، بەنی تەمیم لە کەناری دیجلە نیشتەجێن، ھەمووشیان دز و ڕێگرن.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×