ئێوارەی رۆژی دووشەممە (١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، لە شاری بەغدا، کۆبوونەوەیەک لە نێوان تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، چەندین پرسی هەستیاری ناوچەیی و ناوخۆیی خرانە روو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان هەڵسەنگاندنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە بووە. لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، و بە هەنگاوێکی گرنگیان زانیوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی لە تەواوی ناوچەکەدا.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراقیش، لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی کراوەتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی پێویست لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو قەیران و ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە، هەروەها بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری، سیاسی و ئەمنی.
پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە. بەپێی راگەیەندراوەکە، بافڵ تاڵەبانی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە خاوی و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی هەرێم دەربڕیوە و هۆشداری داوە لەوەی کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، خەریکە پرسیار لەسەر شەرعییەت و متمانەی حکومەتی ئێستا دروست دەکات.
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، پرسی وزە و کێشەکانی تایبەت بەو کەرتە لە عێراق تاوتوێ کراوە. لەم رووەوە، سەرۆکی یەکێتی ئامادەیی و توانای هەرێمی کوردستانی خستووەتەڕوو کە تێیدا دەتوانرێت لەرێگەی داڕشتنی پلانێکی ستراتیجیی تۆکمەوە، هەرێم رۆڵێکی کارا ببینێت لە چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەی وزە لە سەرانسەری عێراقدا.