سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 600 ڕۆژ (نزیکەی 19 مانگ) بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا، تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. لەم بارەیەوە، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بەردەوامە.
ئاوێنە: مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەو بنبەستە سیاسییەی دروست بووە، لەگەڵ هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و کاراکردنەوەی دامەزراوە یاساییەکانی وەک پەرلەمان، درێژەیان هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژەکەی پارتی باسی لە سەردانی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کرد و بە سەردانێکی گرنگ وەسفی کرد. ڕوونیشیکردەوە کە لەو دیدارەدا کار لەسەر زیاتر بەهێزکردنی هەماهەنگییە دووقۆڵییەکانی نێوان واشنتۆن و هەولێر دەکرێت.
هەروەها مەحمود محەممەد ئەوەشی خستەڕوو کە دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکان تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان شاندی ئەمریکی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن؛ بەتایبەت تاوتوێکردنی ئەو ڕۆڵە ستراتیژی و پێگەیەی کە هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا هەیەتی.