وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، لیستی موچه و ته‌رازوی پێداچونه‌وه ئاماده‌یه و به‌مزوانه ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێت و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه تاوه‌كو ئیستا به‌ربه‌رستێكی ئه‌وتۆ له‌به‌رده‌م موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا نییه و هیوادارن هیچ كێشه‌یه‌كیش دروست نه‌بێت.
ئاوێنه: پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان وتی"هه‌ماهه‌نگیمان زۆر باشه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ، پێكه‌وه ده‌مانه‌وێت كێشه‌كانی نێوان هه‌ردولامان چاره‌سه‌ر بكه‌ین."
له‌باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم وتی"تاوه‌كو ئێستا به‌ربه‌رستێكی ئه‌وتۆ له‌به‌رده‌م موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستاندا نییه و ئیشه‌ڵا هیچ كێشه‌یه‌كیش دروست نابێت."
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ليستی موچه و ته‌رازوی پێداچونه‌وه ئاماده‌یه‌و به‌م زوانه ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێت.
له‌باره‌ی بڕی داهاتی ناوخۆ كه به‌غدا پێداگره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته هه‌رێم مانگانه 120 ملیار دینار بنێرێت، وتی"تا ئێستا له‌سه‌ر بڕی داهاتی ناوخۆ رێككه‌وتنی كۆتایی نه‌كراوه‌و به‌دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێین. حكومه‌تی فیدراڵ ده‌زانێت كه داهاتی ناوخۆ له هه‌رێمی كوردستان و له ته‌واوی عێراقیش كه‌می كردوه ده‌بێت بگه‌ینه رێگه‌چاره‌یه‌ك كه ئێمه نه‌خه‌نه دۆخێكی قورس و ژێر گوشاره‌ی كه ئێستا له‌سه‌رمانه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ."
وتیشی"بۆیه تیمه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیدان و سه‌ردان هه‌ن بۆ به‌غدا و له‌سه‌ر هه‌مو بابه‌ته‌كان ئیشه‌ڵا ده‌گه‌ینه رێككه‌وتن."
له‌باره‌ی بابه‌تی سیسته‌می ئه‌سیكۆداش وتی"ئێمه ڤیتۆمان له‌سه‌ر بابه‌تی سیسته‌می ئه‌سیكۆدا نه‌بوه‌و پێشتریش ئه‌مه‌مان وتوه. ئێمه نه‌مانوتوه كه ئه‌مه بابه‌تێكه كفره‌و نزیكی ناكه‌وین. لێكتێگه‌یشتن هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئێمه پێویستمان به كاتێكی زیاتر بو بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بگونجێنین له‌گه‌ڵ سیسته‌می ئه‌سیكۆدا. ئێستاش تیمی ته‌كنیكی ئێمه ده‌چنه به‌غداو لێكنزیكین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه رێككه‌وتن."