هێمن هه‌ورامی: هاوپه‌یمانی یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ هاوپه‌یمانی سجنه‌ نه‌ك هاوپه‌یمانی سیاسی
  2026-06-16       148       

هێمن هەورامی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌نگۆی رازی بونی حزبه‌كه‌ی به‌ پێدانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم به یه‌كێتی ره‌تده‌كاته‌وه‌و هاوپه‌یمانی نێوان یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێش به‌ "هاوپه‌یمانی سجن" ناوده‌بات و ده‌ڵێت، وەك پارتی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكەین ئیتر یه‌كێتی لە بەركەوته‌ی خۆی چی دەدات بە نەوەی نوێ‌ پەیوەندی پارتییەوە نییە.

ئاوێنه‌: هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی روداو وتی، دەنگۆی ئەوەی پارتی رازیبووە وەزارەتی ناوخۆ بدات بە یەكێتی، ئەسڵ و ئەساسی نییە، هیچ بایەتێكی وا باسنەكراوە.

جەختیشكرده‌وه‌، دەستپێشخەرییەكه‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ ئەوەیە دانیشین و لەم وتی وتی و ئەو قسانەی كە هەیە لە سۆشیال میدیا، بیانهێنینه‌ سەر مێزی گفتوگۆ.

به‌قسه‌ی هێمن هه‌ورامی، كەناڵی پەیوەندی هەرگیز نەپچڕاوە لەگەڵ یەكێتی و وتیشی، ئومێدمان دەخواست برادەرانی یەكێتی بەدەمه‌وه‌چونێكی باشتریان هەبوایە بۆ دەستپێشخەرییەكەی بارزانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندی هەن و نەگەیشتوینەتە ئەنجامێكی كۆنكرێتی، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەوامن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی وتیشی، دەبێت خەڵكی كوردستان پرسیار لە نەوەی نوێ‌ بكات كە سەرۆكی تەمەن لەوانە، بۆچی بڕگەی دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران جێبەجێناكەن كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە.

لەبارەی هاوپەیمانی نێوان یەكێتی و نەوەی نوێش هێمن هه‌ورامی وتی، هاوپەیمانی سجن پێی ناوترێت هاوپەیمانی سیاسی، كاتێك یەكێتی دەبو بە خاوەنی 39 كورسی كە پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانیان پێكبهێنایە، بەڵام بەڕێزێك بڵێت وا لەیەكێتی و پارتی دەكەین و وا هەڵیاندەواسین و ئەم ڤیدیۆیانەم بۆ هەڵگرنەوە، بەر لە سجنكردنی بۆ باسی رێككەوتنی سیاسی و 39 كورسی نەدەكرا، بۆیە ئەمە رێككەوتنی سیاسی نییەو پارتی تەنیا لەگەڵ یەكێتی مامەڵە دەكات، ئیتر خوای ئەكرد یەكێتی لەبەركەوتی خۆی ئەم برادەرەی دەكردە جێگری سەرۆك وەزیران یان ئەیكردە سەرۆكی پەرلەمان، ئەمە پەیوەندی بە پارتییەوە نییە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×