بەپێی چەند ڕاپۆرتێکی میدیایی و چاودێریی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا کار لەسەر جێبەجێکردنی ستراتیژییەکی ئەمنیی نوێ دەکات لە ناوچە سنوورییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە تاران بەشێک لە چەکدارانی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدەی لە سنوورەکانی پاکستانەوە بەرەو ناوچە سنوورییەکانی خۆی گواستووەتەوە. وەک لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە، پێدەچێت مەبەست لەم هەنگاوە لاوازکردنی شوناسی نەتەوەیی کورد و دروستکردنی پێکدادانی ناوخۆیی بێت لە پارێزگا کوردییەکانی ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، بۆ ئەم مەبەستەش دەوترێت گروپێکی نوێی چەکداریی سەلەفیی جیهادی دامەزراوە.
ئاوێنە: ئەو گروپە نوێیە ناوی "نەوەکانی سەڵاحەدین"یان لە خۆیان ناوە و سەرکردایەتییەکەیان دەگەڕێندرێتەوە بۆ کەسێک بە ناوی (عەبدوڵڵا مەلا عەلی). لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت چەکدارەکانی ئەم گروپە ئاڵای کوردستان دەسوتێنن و هاوکات پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە هەبوونی پەیوەندی و وەرگرتنی هاوکاری لە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن. لەم بارەیەوە، ماڵپەڕی (Darkamazi) لە ڕاپۆرتێکدا پشتی بە زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بەستووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێران پشتیوانیی لۆجستیی بۆ ئەم گروپە کردووە و پەناگەی ئارامیشی بۆ سەرکردەکانی قاعیدە دابین کردووە.
هەروەها لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکادا، کە پێشتریش ئاماژەیان پێدراوە، باس لەوە دەکرێت کە تاران کارئاسانی و چاودێریی تێپەڕبوونی چەکدارانی قاعیدە دەکات بۆ ناو خاکی سوریا و هاوکاریی پێویستیان پێشکەش دەکات. ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئێران پەناگەی سەلامەتی بۆ بەرپرسە باڵاکانی ئەو ڕێکخراوە دابین کردووە و پارێزگارییان لێ دەکات.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم چەکدارانە لە چەند ناوچەیەکی هەستیار و دەوروبەری شارەکانی وەکو (سەقز، مەهاباد، سەردەشت، بانە و سنە) جێگیر کراون. سەرچاوەکان پێیان وایە کە ئامانج لە جێگیرکردنی ئەم هێزانە لەو ناوچانە –کە بە ناوەندی سەرەکیی جوڵانەوە کوردییەکان دادەنرێن– بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێ و بە ئامانجگرتنی کەسایەتییە چالاکەکانە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر بارەگای پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی ئەمنیی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە قەبارەی ئەو گروپە نوێیە لە بنەڕەتدا بچووکە، بەڵام حکومەتی ئێران لە ڕێگەی هێزە میلیشیاکانی دیکەیەوە قەبارەیانی گەورەتر کردووە. بە بڕوای ئەو چاودێرانە، ئەم کارە دەبێتە کردنەوەی بەرەیەکی نوێ بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە خزمەت بە سیاسەتەکانی تاران بکرێت و پەلاماری پارتە کوردییەکان بدرێت بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەناوی هێزە فەرمییەکانی ئێرانەوە بێت.
ڕاپۆرتەکە باس لە دەرکەوتنی دیاردەیەکی نوێش دەکات لە شەقامەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەویش دروستبوونی مۆدێلێکی نوێی هێزی (بەسیج)ە کە جلوبەرگی کوردییان پۆشیوە و لەژێر ناوی "پێشمەرگەی موسڵمان"دا کۆبوونەوە و ڕێپێوان دەکەن. ئەم جوڵانەوەیە، کە ڕاستەوخۆ دوای کەمبوونەوەی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەرکەوتووە، لەلایەن شارەزایانەوە وەک بەکارهێنانەوەی کارتی ئایین بۆ مەرامی سیاسی لێکدەدرێتەوە.
لە کۆتاییدا، چاودێران هۆشداریی لە مەترسییەکانی ئەم دۆخە دەدەن و هاوشێوەی دەکەن بەو ڕووداوانەی کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ڕێگەی دروستکردنی (حزبوڵڵای باکور)ەوە ڕوویاندا. شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا خاوەنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو و بەردەوام بن، و پێیان وایە بێدەنگی لەم قۆناغەدا دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر داهاتووی جوڵانەوەکانیان.