ئاماری قەدەغەی ڕاوەماسی لە گەرمیان؛ ٢٢ سەرپێچیکار دەستگیرکراون و دەستبەسەر دەیان کەرەستەدا گیراوە
  2026-06-17       127       

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، ئاماری کار و چالاکییەکانی خۆی تایبەت بە ماوەی قەدەغەکردنی ڕاوەماسی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەو ماوەیەدا دەیان کەس بەهۆی سەرپێچیکردنەوە دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر بڕێکی زۆر لە ئامرازەکانی ڕاوکردندا گیراوە.

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر وردەکارییەکانی سێ مانگی ڕابردووی وەرزی قەدەغەکردنی ڕاوەماسی، بڕیاری قەدەغەکردنەکە لە ڕێکەوتی ١٥ی ئاداری ٢٠٢٦ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکوو ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەردەوام بووە.

​لەو چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکە و پاراستنی سامانی ماسی لە ڕووبار و دەریاچەکاندا، سەرجەم مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان لە بەش و بنکەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە تەواوی سنوورە ئاوییەکانی ناوچەکەدا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچییەک.

​لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە دەرەنجامی ئەو چاودێرییە چڕەی لەو سێ مانگەدا هەبووە، توانراوە ٢٢ کەس بە تۆمەتی سەرپێچیکردن و ڕاوکردنی نایاسایی دەستگیر بکرێن. هاوکات، هێزەکانیان دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵێک کەرەستە و ئامرازی جۆراوجۆردا کە پێکهاتوون لە: یەک تۆڕی ماسیگرتن، ٧٥ قوولاب، سێ چووپ، یەک چەکی بادی، یەک ماتۆڕسکیل، لەگەڵ بڕی ١٥ کیلۆگرام ماسیی ڕاوکراو.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×