ئەمڕۆ چوارشەممە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بڵاوکرایەوە و تیایدا ژمارەیەک بابەت تاوتوێ کرا و کە گرنگترینیان تاوتوێی چارەسەری کێشەی مووچەی خانەنشینی و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئەو بابەتەیە و وەرگرتنی گەنمی جوتیاران درا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە بەگوێرەی سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی تاوتوێ کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەم بارەیەوە، جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی خێرا و یاسایی کرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینی ئەو کەسانە لە ڕۆژی شایستەبوونیانەوە.
سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستاندان. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ڕاسپێردران بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش، میکانیزمێکی گونجاو دابنێن بۆ ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی تاوتوێ کرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.
بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا، کە لە سەرۆکایەتیی دیوان، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێکدێت، بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی پێویست بە پێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی دروست.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیەکی وردی لەسەر خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە کرد؛ ئەو خەرجیانەی لە بودجەی گشتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش بابەتی پسووڵەی خۆراک و سەبەتەی خۆراکیی مانگانە.
ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ پشتگیریکردنی لە هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراک، جەختی لەسەر مافی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاسایی خۆی لە خەرجییە حاکیمەکان، وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و کارەبا و هتد، بە شێوەیەک کە هاووڵاتیانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی ورد، پشتبەستوو بە داتا و زانیاری دروست و بنەما یاسایی و دەستوورییەکان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ بە شێوەیەکی ڕوون جێگیر بکرێن، هەروەها ڕێکارە خێرا و کاریگەر بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حاکیمە.