هەشت سەربازی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کوژران و برینداربوون
  2026-06-18       149       

سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی باشووری لوبناندا، سەربازێکی یەدەگیان بە ناوی "ئەلێکساندەر ڤیلین" (تەمەن ٢٩ ساڵ) کوژراوە، و حەوت سەرباز و ئەفسەری دیکەش بریندار بوون.

ئاوێنە: ​ئەم پەرەسەندنە مەیدانییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکی هەستیاردایە؛ بەو پێیەی تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەم ڕووداوە، واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیەندرا.

​سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەم لێکتێگەیشتنە دیپلۆماسییە و کەمبوونەوەی ڕێژەیی هێرشەکان، بەڵام ئاڵوگۆڕی تەقە و پێکدادانەکان لە نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی حزبوڵڵا بە تەواوی ڕانەگیراون و گرژییەکان لەسەر زەوی بەردەوامن.

​بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە لە لوبنان، زیاتر لە ٣,٨٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. لە بەرامبەردا، لە ڕێکەوتی ٢ـی ئازارەوە تا ئێستا، ٣١ سەرباز و فەرمانبەرێکی مەدەنیی ئیسرائیلی لە ئەنجامی ئەم شەڕ و پێدادانانەدا کوژراون.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×