سەرۆکایەتی شارەوانی عەربەت، لە چوارچێوەی هەنگاوەکانیدا بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە مووچەخۆران، قۆناغی سێیەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستپێکرد و تێیدا ۳٥۰ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی ناوچەکەدا دابەش کران.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، پرۆسەی دیاریکردنی زەوییەکان لە ڕێگەی تیروپشک و بەپشتبەستن بە سیستمی خاڵبەندی بەڕێوەچووە. پرۆسەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی عەربەت، ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی ناوچەکە، بەرپرسی نووسینگەی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی جێبەجێ کراوە، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی ڕێکارەکان بەشێوازێکی یاسایی.
لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە کۆتایی پرۆسەکە نییە، بەڵکو بڕیار وایە قۆناغەکانی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانی عەربەت بەردەوامییان هەبێت، تاوەکو سەرجەم ئەو کەسانە بگرێتەوە کە فەرمانی فەرمی و ڕەزامەندی وەرگرتنی زەوییان هەیە.