عێراق و هه‌رێم كۆنوسێكی هاوبه‌شیان بۆ جێبه‌جێكردنی سیسته‌می ئه‌سیكۆدا له‌ هه‌رێم ئیمزاكرد
  2026-06-18       253       

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، وه‌فدی گومرگی هه‌رێمی كوردستان و گورمگی حكومه‌تی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، ئیمزای كۆنوسێكی هاوبه‌شیان بۆ جێبه‌جێكردنی سیسته‌می ئه‌سیكۆدا له‌ هه‌رێم ئیمزاكرد. وه‌زیری دارایی عێراقیش ده‌ڵێت، یه‌کخستنی سیستمە گومرگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ زیادکردنی داهات و توندکردنی چاودێری و سنوردارکردنی خۆدزینەوە لە باج.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، فالح ساری، وه‌زیری دارایی، جەختی کردەوە کە یەکخستنی سیستم و ڕێکارە گومرگییەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا، هەنگاوێکی ستراتیژییە لە کاروانی چاکسازیی ئابوریدا، ئەمەش بەهۆی كاریگه‌ررییه‌ ئه‌رێنییه‌كانی لەسه‌ر زیادکردنی داهاتە ناونەوتییەکان، توندکردنی چاودێری سه‌ر جوڵەی کاڵاکان و سنوردارکردنی حاڵەتەکانی خۆدزینەوە لە باج، جگه‌ لە بەرزکردنەوەی شەفافییەت و یەکخستنی داتا و ڕێکارەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

وه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ئاماژه‌ی پێداوه‌، قسه‌كانی وه‌زیره‌كه‌یان هاوکات بوی لەگەڵ کۆبونەوەیەکی هاوبەش کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەلایەن دەستەی گشتیی گومرگەوە لەگەڵ دەستەی گومرگی هەرێمی کوردستان لە بەغدای پایتەخت سازکرا، بە ئامادەبونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتەکە، بە مەبەستی تاوتێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی سیسته‌می جیهانیی ئەسیکۆدا لەو ناوەندە گومرگییانەی کە سەر بە هەرێمن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی لایەنە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی ئەو سیستمە کرا کە ئێستا لە دەروازەکانی سەربە حکومەتی فیدراڵدا پەیڕەو دەکرێت، هەروەها پێداچونەوە بەو ئەنجامانەدا کرا کە لە بواری گۆڕانکاریی دیجیتاڵی، ئاسانکاریی ڕێکارەکان و بەهێزکردنی چاودێریی ئەلیکترۆنیدا بەدەستهاتون، لەگەڵ دۆزینەوەی ئەو رێگه‌چارانه‌ی کە یەکخستنی ڕێکار و داتاکانی نێوان هەردولا مسۆگەر دەکەن.

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق راشیگه‌یاندوه‌، لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، کۆنوسێکی هاوبەش ئیمزاکرا کە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و ڕێکاری جێبەجێکردنی لەخۆگرتبو سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمەکە لە ناوەندە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان، كه‌ ده‌بێت كۆنوسه‌كه‌ بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوری، بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و فەرمییە پێویستەکان.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، ئەم کۆبونەوەیە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە بەردەوامانەدا دێت کە دەستەی گشتیی گومرگ لەچوارچێوه‌ی پڕۆژەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵیی گشتگیرەوە دەیدات، بە شێوازێک کە بگونجێت لەگەڵ دیدگای وەزارەتی دارایی فیدراڵ کە ئامانجی نوێکردنەوەی کاری گومرگی، بەهێزکردنی چاودێریی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتیکردنی ئابوریی نیشتمانییە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×