دادگایهكی توركیا سزای 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەر ئایشە گۆککان، وتەبێژی پێشوی "تهڤگهری ژنانی ئازاد"دا سهپاند. ئهو له دانیشتنی دادگاییكردنیدا وتی، من لەبەرئەوەی باسی تێکۆشانی ئازادیی ژنان و تێکۆشانی ئازادیی کوردان دەکەم، دادگایی دەکرێم.
ئاوێنه: ئەمڕۆ ههینی، پێنجەمین دانیشتنی دادگا لە دادگای نۆیەمینی سزای قورسی ئامەد دژی ئایشە گۆککان، وتەبێژی پێشوی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بەڕیوەچو.
ئایشە گۆککان لە زیندانی ژنانی سینجانەوە لە ڕێگەی سیستەمی دەنگ و ڕەنگ و پارێزەرەکانی بە ناوەکانی بەرفین لوتفیە، موحەرەم شاهین و ئۆزلەم ڤورگون لە هۆڵی دادگاییدا بەشداری دانیشتنەکە بون.
دانیشتنی دادگاییکردنەکە لەلایەن کەسوکاری ئایشە گۆککان و چەندین ڕێکخراوی ژنانەوە چاودێری دەکرا.
داواکاری گشتیی بە تۆمەتی "ئەندامبون لە رێكخستن" داوای کرد کە ئایشە گۆککان دو جار سزا بدرێت، ئایشە بە وتەی “من لەبەر کوردبون و ئازادیی ژنان دادگاییکراوم” بەرگریی لە خۆی کرد.
ئایشە گۆککان بەرگرییەکەی خۆی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد ڕایگەیاند، هیچ کار و چالاکییەکی ئەوتۆی ئەنجام نەداوە کە ببێتە هۆی سزا یان دادگاییکردن.
هەروەها وتیشی: ئەگەر من لەبەر کوردبونم دادگایی دەکرێم، کەواتە دەبێت تەواوی کۆمەڵگە دادگایی بکرێت، تا ئەو کاتەی ناسنامەی کۆمەڵگە قبوڵ نەکرێت، ئەم دادگاییکردنانە بەردەوام دەبن، هەر وتەیەکی من وەک کارێکی نایاسایی سەیر دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گۆککان پێداگری خۆی لەسەر درێژەدان بە تێکۆشان دوپات کردەوە و وتی: من لەبەرئەوەی باسی تێکۆشانی ئازادیی ژنان و تێکۆشانی ئازادیی کوردان دەکەم، دادگایی دەکرێم، من لەسەر فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ دادگایی دەکرێم، هەروەها لەسەر ئەو دۆسیهو ڕاپۆرتە درۆیانەی کە پۆلیس ئامادەی کردون دادگایی دەکرێم، دادگاییکردن له دادگادا بۆ من گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە گەل و ژنان من دادگایی ناکەن، من شانازی بە تەژئاوە دەکەم.
دوای بەرگریی پارێزەران، ئایشە گۆککان جارێکی دیکە قسەی کردەوە و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە ژیانی خۆی لەناو تێکۆشانی ئازادیی ژناندا.
دوای پشویەک، دادگا بڕیارەکەی ڕاگەیاند؛ لە دو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی “ئەندامبون لە ڕێکخستن”، لە یەکێکیاندا 12 ساڵ و لە دۆسییەی دوەمدا حەوت ساڵ و شەش مانگ و بە گشتی 19 ساڵ و شەش مانگ سزای زیندانیکردنی بەسەر ئایشە گۆککاندا سەپاند.