بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی گەرمیان بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فەرمی، سەبارەت بە دۆسیەی گیانلەدەستدانی ژنێک لە نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب تایبەت بە ژنان و منداڵبوون لە شارۆچکەی کەلار، کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، ڕووداوەکە سێ ڕۆژ پێش ئێستا بووە، کاتێک نەخۆشەکە سەردانی نەخۆشخانەی ناوبراوی کردووە و لەوێ، بەبێ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە، دەرزی هەستیاری (ئەلێرجی) بۆ کراوە، کە دواتر بەو هۆیەوه تووشی حاڵەتێکی توندی تەندرووستی بووە و سەرەنجام گیانی لەدەستداوە. لە کاردانەوەی ئەم ڕووداوەشدا، بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی گەرمیان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە.
تەندرووستی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەپشتبەستن بە یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتییەوە پێکدهێنرێت. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەندامانی لیژنەکە لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە بە فەرمی دەستبەکار دەبن بۆ بەدواداچوونی ورد و هەمەلایەنە لەسەر چۆنیەتی ڕوودانی بابەتەکە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی گەرمیان وێڕای ئاڕاستەکردنی هاوخەمی قووڵی خۆیان بۆ خێزان و کەسوکاری کۆچکردوو، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "سەلامەتی گیان و ژیانی هاوڵاتییان و نەخۆشەکان لە پێشینەی کارەکانیاندایە"، و لەو سۆنگەیەوە سەرجەم بەدواداچوونە یاسایی و ئسوڵییە پێویستەکان بۆ دۆسیەکە ئەنجام دەدەن.