لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە پێکهێناوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆکە بڵاوبوونەتەوە. پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی نوێنەری داواکاری گشتی بەڕێوەدەچێت و زانکۆکەش دووپاتی دەکاتەوە کە دەرەنجامەکان بە تەواوی بۆ ڕایگشتی دەخرێنەڕوو.
ئاوێنە: بەپێی ئەو ڕوونکردنەوەیەی لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، بڕیاری پێکهێنانی ئەم لیژنە باڵایە لە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (18ی حوزەیرانی 2026) دراوە، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک دەنگۆ لەسەر د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، کە وەک مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی کار دەکات.
زانکۆی سلێمانی لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە وەک ناوەندێکی فەرمی و ئەکادیمی، پابەندی تەواوی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان دەبێت بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان. ئاماژە بەوەش کراوە کە کارەکانی ئەم لیژنەیە بە وردی بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی دەگەنە ئەنجامی کۆتایی و یەکلاکەرەوەی دۆسیەکە.
هاوكات، سەرۆکایەتی زانکۆ هۆشداری داوە لەوەی کە بەرامبەر بە هەر جۆرە کەم تەرخەمی یان سەرپێچییەک، لێپێچینەوەی توندی یاسایی بەرامبەر کەسی سەرپێچیکار دەکرێت. لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەشدا، زانکۆکە دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتیان و ڕایگشتی کە پڕۆسەکە بە شەفافییەتێکی تەواوەوە بەڕێوەدەچێت و دەرەنجامی کارەکانی لیژنەکە هەرچییەک بێت، بە شێوازێکی ئاشکرا بڵاودەکرێتەوە.