ئه‌كره‌م ساڵح: ئێران به‌هۆی كورده‌وه‌ نه‌ڕوخا
  2026-06-20       720       

ئه‌كرەم ساڵح، بەرپرسی پێشوی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایه‌ ئێران به‌هۆی كورده‌وه‌ له‌م جه‌نگه‌ی دواییدا نه‌ڕوخا. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، ئەمریکا شکۆی وەک جاران نەماو تورکیا براوەی جەنگەکە بو و ئەنقەرە قەناعەتی ترەمپی گۆڕی.

ئاوێنه‌: ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی پێشوی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ نوسینێكدا له‌ژێر ناونیشانی "ئێران نەڕوخا، بەهۆی کوردەوه‌"، وتویه‌تی"پاش ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر لە سەرانی ئێرانیان لە یەكەم ڕۆژی جەنگی 40 ڕۆژەدا کوشت، تەنیا بژاردە بۆ روخانی ڕژێمی ئیران ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بو. هەربۆیە هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرانسەری وڵاتەكەدا شوێن و بارەگاكانی ڕژێمی ئێرانیان بۆردمان دەکرد، بەتایبەتی بە چڕی لە بنکە و بارەگاكانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدا، بەو هیوایەی ڕۆژهەڵات ببێتە دەروازە بۆ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران."

وتوشیه‌تی"هەر لەو چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ پێوەندی بە چەند سەرکردەیەکی کوردەوە کرد، بەو ئامانجەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەست بە ڕاماڵینی ڕژێمی ئێران بکرێت،

بەڵام هەر پاش پێوەندییەکەی ترەمپ، تورکیا کە نەیارێکی تەقلیدی ئێرانە، کێچ کەوتە کەوڵی و بەزویی کەوتە خۆی، چونکە ئەوەی تورکیا لێ دەترسا خەریک بو ڕوبدات."

ئه‌كره‌م ساڵح پێی وایه‌ "ئەنقەرە زیرەکانە توانی قەناعەتی ترەمپ بگۆڕێت و واشنتۆن لە پشتیوانیی کورد پەشیمان بکاتەوە."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "تورکیا ئەمەی لەبەر چاوی کاڵی دەسڵاتدارانی تاران نەبو، بەڵکو بۆ ڕێگری بو لە دروستبونی قەوارەیەکی نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە تورکیا روخانی ئێران و بنیاتنانی هەرێمێكی تری كوردی، بە نزیکبونەوەی مەرگی جیۆگرافیاكەی خۆی دەزانێ، هەربۆیە سەرکەوتوانە هاوکێشەکەی لە بەرژەوەندی خۆی گۆڕی. ئەمریکایش لەبەرئەوەی پلانێکی ڕونی نەبو لە جەنگەکەدا، کەوتە تەڵەی ئەنقەرەوە ."

وتوشیه‌تی "هەربۆیە لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا ئەوەی تا ئێستا دیارە: ئەمەریکا شکۆی وەک جاران نەما. ئێران زیانی زۆری بەرکەوت بەڵام ڕژێمەکەی مایەوەو ئەگەری زۆرە بەهێزتر بێتەوە مەیدان. تورکیا براوەی سەرەكی جەنگەکە بو، چونکە ئەو گۆڕانکارییەی چاوەڕوان دەکرا و ئەنقەرە لێی دەترسا، زیندەبەچاڵ کرا. هەر بۆیە پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکەش لە کۆتایی نزیکە، چونکە هۆکارەکەی پەیوەست بو بەگۆڕانکاری ناوچەکەوە، واتە تەکتیکی بو نەک ستراتیژی."

ئه‌كره‌م ساڵح پێشی وایه‌ "لەم جەنگەدا هەرێمی كوردستان ژیرانە ماڵەی کرد. ئەگەر چی لەلایەن ئەمریکاوە هەوڵی لەگەڵ دراو لەلایەن ئیران و میلیشیاکانەوە گیچەڵی زۆری پێکرا، بەڵام هەرێم ڕۆڵێكی گرنگی بێلایەنانەی گێڕا و بە متمانەی بەخۆبونەوە، ریسكی بە دەسكەوتەكانییەوە نەكرد و نەچونە ناو شەڕێك كە ئەنجامەكەی دیار نەبو. هەرچەندە ئەمە بۆ بەرژەوەندی هەرێم بو، بەڵام بەدیوەكەی تردا بە سودی ئێرانیش شکایەوە، چونكە گەر هەرێم بەشداری بکردایە دور نەبو ئاراستەی ڕوداو و پێشهاتەكان بە جۆرێکی تر بگۆڕیایە. لەمەشدا هەرێم ناهەق نەبو کە بێلایەنی هەڵبژارد، چونکە زۆر جار لەم جۆرە ململانیەدا کورد بونەتە قوربابی بەرژەوەندی هێزە گەورەکان."

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×