عهبدوڵا ئۆجهلان له پهیامێكدا رایدهگهیهنێت، پێویستە ئایین ببێته ویژدانی كۆمهڵگهو ڕێگە نەدرێت ئیسلام بخرێتە خزمەتی دەوڵەت و دەسەڵات و هێزە سەرمایەدارەکانەوە. دهشڵێت، ئیسلام لە جەوهەری خۆیدا بزوتنەوەیەکی حەقیقەتخوازی گەورەی کۆمەڵایەتییە، کە لەسەر بنەمای بەهاکانی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی دامەزراوە، بهڵام لە پرۆسەیەکدا کە لەگەڵ ئەمەوییەکاندا دەستیپێکرد، ئایین لە سیستەمێکی ژیانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕدرا بۆ ئامرازێکی شەرعیەتدان بە دەوڵەت.
ئاوێنه: فیدراسیۆنی توێژینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا (MÎA-FED) بە دروشمی "ئیسلامی دیموکراسی: ڕاستگۆیی لە باوەڕو ئازادیی لە کۆمەڵگەدا"، لە هۆڵی عەلی ئەمیری لە شارەوانی ئامەد، سێیەمین کۆنفرانسی خۆی دهستپێكرد. لە کۆنفرانسەکەدا پهیامێكی عهبدوڵا ئۆجهلان به ههردو زمانی کوردی و توركی خوێندرایهوه.
ئۆجهلان له پهیامهكهیدا دهڵێت "ئیسلام لە جەوهەری خۆیدا بزوتنەوەیەکی حەقیقەتخوازی گەورەی کۆمەڵایەتییە، کە لەسەر بنەمای بەهاکانی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی دامەزراوە. یەکەمین کۆمەڵگەی ئیسلامی کە بە پێشەنگایەتیی حەزرەتی محەمەد هاتە کایەوە، وەک هەنگاوێکی کۆمەڵگەی دیموکراسی بەهێز پەرەیسەند لە دژی چینایەتی، چەوساندنەوەو عەشیرەتگەریی کە لەلایەن شارستانییەتی دەوڵەتی و دەسەڵاتخوازەوە دەسەپێندرا."
ئاماژه بهوهشدهدات"بەڵام بە تێپەڕبونی کات، ئەم جەوهەرە ئازادیخواز و کۆمەڵایەتییەی ئیسلام لەلایەن دەسەڵاتە دەوڵەتییەکانەوە وەلانراوە. لە پرۆسەیەکدا کە لەگەڵ ئەمەوییەکاندا دەستیپێکرد، ئایین لە سیستەمێکی ژیانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕدرا بۆ ئامرازێکی شەرعیەتدان بە دەوڵەت؛ بەم شێوەیە ڕەگوڕیشە دیموکراسی و ئازادیخوازەکانی ئیسلام لاوازکران. ئەمڕۆش، هەم ئیسلامی فەرمیی دەوڵەت و هەم فیرقە جیاوازە ئایینییەکان (مەزهەبگەرایی) کە ئامانجیان دەسەڵاتە، بەشێوازی جیاواز، درێژەپێدەری ئەم لادانە مێژوییەن."
جهختیش دهكاتهوه كه "ئیسلامی دیموکراسی گەڕانەوەیە بۆ بەها ئەخلاقی، ویژدانی و ئازادیخوازەکانی ناو جەوهەری ئیسلام. یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە مێژوییەکانی ئەم گەڕانەوەیە، "پەیمانی مەدینە"یە."
ئۆجهلان پێشی وایه "جیهادی ڕاستەقینە، جیهادی نەفسە. تێکۆشانی درێژخایەنە دژی مەیلی دەسەڵاتخوازی و خۆپەرستی و حەزی باڵادەستی و هەمو جۆرەکانی ستەمکاری. گەورەترین تێکۆشان، تێکۆشانی مرۆڤە بۆ گۆڕینی خۆی و گەیشتن بە حەقیقەت. بەبێ کولتوری خۆڕەخنەکردن، نە ئازادیی تاکەکەسی و نە ئازادیی کۆمەڵایەتی گەشە ناکەن."
دهشڵێت "ئەمڕۆش پێویستە ڕێگە نەدرێت ئیسلام بخرێتە خزمەتی دەوڵەت و دەسەڵات و هێزە سەرمایەدارەکانەوە. پێویستە بگەڕێنرێتەوە بۆ جەوهەرە ڕاستەقینەکەی و بخرێتەوە خزمەتی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسەتی دیموکراسی و ژیانی ئازادەوە. پێویستە ئایین ببێتە ویژدانی کۆمەڵگە نەک هی دەسەڵات. حەقیقەت تەنها بە ڕێکخستنی ئازادانەی کۆمەڵگە، بەدەست دێت."
ههروهها جهختیش دهكاتهوه كه "هەر زیهنیەتێک ڕێگریی لە ئازادیی ژن بکات، سروشت وەک ئۆبێکتی بەکارهێنانی بێسنور سەیربکات و ناکۆکی بخاتە نێو گەلانەوە، هەرگیز ئاشنای جەوهەری ئیسلام نییە."
هێما بۆ ئهوهش دهكات كه "دیدگای ئیسلامی دیموکراسی دەتوانێت هاریکارێکی گەورە بێت بۆ گەیشتن بە "نەتەوەی دیموکراسی"؛ ئەو ڕێبازەی کە تێیدا گەلان دەتوانن بە ناسنامە، بیروباوەڕ و ئیرادەی ئازادی خۆیانەوە پێکەوە بژین."
دهقی پهیامهكهی ئۆجهلان:
بەشداربوانی بەڕێز، باوەڕدارانی هێژای کۆنفرانسی ئیسلامی دیموکراسی
ئیسلام لە جەوهەری خۆیدا بزوتنەوەیەکی حەقیقەتخوازی گەورەی کۆمەڵایەتییە، کە لەسەر بنەمای بەهاکانی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی دامەزراوە. یەکەمین کۆمەڵگەی ئیسلامی کە بە پێشەنگایەتیی حەزرەتی محەمەد هاتە کایەوە، وەک هەنگاوێکی کۆمەڵگەی دیموکراسی بەهێز پەرەیسەند لە دژی چینایەتی، چەوساندنەوەو عەشیرەتگەریی کە لەلایەن شارستانییەتی دەوڵەتی و دەسەڵاتخوازەوە دەسەپێندرا.
بەڵام بە تێپەڕبونی کات، ئەم جەوهەرە ئازادیخواز و کۆمەڵایەتییەی ئیسلام لەلایەن دەسەڵاتە دەوڵەتییەکانەوە وەلانراوە. لە پرۆسەیەکدا کە لەگەڵ ئەمەوییەکاندا دەستیپێکرد، ئایین لە سیستەمێکی ژیانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕدرا بۆ ئامرازێکی شەرعیەتدان بە دەوڵەت؛ بەم شێوەیە ڕەگوڕیشە دیموکراسی و ئازادیخوازەکانی ئیسلام لاوازکران. ئەمڕۆش، هەم ئیسلامی فەرمیی دەوڵەت و هەم فیرقە جیاوازە ئایینییەکان (مەزهەبگەرایی) کە ئامانجیان دەسەڵاتە، بەشێوازی جیاواز، درێژەپێدەری ئەم لادانە مێژوییەن.
ئیسلامی دیموکراسی گەڕانەوەیە بۆ بەها ئەخلاقی، ویژدانی و ئازادیخوازەکانی ناو جەوهەری ئیسلام. یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە مێژوییەکانی ئەم گەڕانەوەیە، "پەیمانی مەدینە"یە. پەیمانی مەدینە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی دیموکراسییه کە ڕێگە بە بیروباوەڕ، ناسنامە، کولتور و کۆمەڵگە جیاوازەکان دهدات، ڕەسەنایەتی و تایبەتمەندییەکانی خۆیان بپارێزن، هەر هەمویان لەسەر بنەمای ژیانێکی هاوبەش پێکەوە دەبەستێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم پەیمانە یەکێکە لە مۆدێلە سەرەتاییەکانی پاراستنی فرەیی و یەکێتیی دیموكراسی لە مێژوی مرۆڤایەتیدا.
جیهادی ڕاستەقینە، جیهادی نەفسە. تێکۆشانی درێژخایەنە دژی مەیلی دەسەڵاتخوازی و خۆپەرستی و حەزی باڵادەستی و هەمو جۆرەکانی ستەمکاری. گەورەترین تێکۆشان، تێکۆشانی مرۆڤە بۆ گۆڕینی خۆی و گەیشتن بە حەقیقەت. بەبێ کولتوری خۆڕەخنەکردن، نە ئازادیی تاکەکەسی و نە ئازادیی کۆمەڵایەتی گەشە ناکەن.
پرەنسیپی "شورا" لە ئیسلامدا یەکێکە لە بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراسی. شورا بە واتای دەرخستنی عەقڵی گشتیی کۆمەڵگە، بڕیاردانی هاوبەش و شەفافییەتی بەڕێوەبردنە لەبەردەم چاودێریی کۆمەڵایەتیدا. ڕەگ و ڕیشە مێژوییەکانی سیاسەتی دیموکراسی، دیموکراسیی خۆجێیی و ژیانی کۆمۆناڵ لەنێو ئەم ڕوانگەیەدا دەبینرێتەوە.
ئەمڕۆش پێویستە ڕێگە نەدرێت ئیسلام بخرێتە خزمەتی دەوڵەت و دەسەڵات و هێزە سەرمایەدارەکانەوە. پێویستە بگەڕێنرێتەوە بۆ جەوهەرە ڕاستەقینەکەی و بخرێتەوە خزمەتی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسەتی دیموکراسی و ژیانی ئازادەوە. پێویستە ئایین ببێتە ویژدانی کۆمەڵگە نەک هی دەسەڵات. حەقیقەت تەنها بە ڕێکخستنی ئازادانەی کۆمەڵگە، بەدەست دێت.
هەر زیهنیەتێک ڕێگریی لە ئازادیی ژن بکات، سروشت وەک ئۆبێکتی بەکارهێنانی بێسنور سەیربکات و ناکۆکی بخاتە نێو گەلانەوە، هەرگیز ئاشنای جەوهەری ئیسلام نییە. ئیسلامی دیموکراسی دیدگایەکی ژیانی ئەخلاقییە کە ئازادیی ژنان، ژیانی ئیکۆلۆژی، هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و خوشک-برایەتیی گەلان بە بنەما دەگرێت. لەبەرئەوە، ئەم ڕێبازە نەک تەنیا بۆ کۆمەڵگە موسڵمانەکان، بەڵکو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی شارستانییەتی دیموکراسی.
لە بەرانبەر قەیرانە قوڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕە مەزهەبییەکان، ململانێ نەتەوەپەرستییەکان و ململانێکانی دەسەڵاتدا، چارەسەر لە بەهێزکردنی زیاتری ڕێبازە دەوڵەتی و هەژمونخوازەکاندا نییە، بەڵکو لە پەرەپێدانی کۆمەڵگەی دیموکراسیدایه.
دیدگای ئیسلامی دیموکراسی دەتوانێت هاریکارێکی گەورە بێت بۆ گەیشتن بە "نەتەوەی دیموکراسی"؛ ئەو ڕێبازەی کە تێیدا گەلان دەتوانن بە ناسنامە، بیروباوەڕ و ئیرادەی ئازادی خۆیانەوە پێکەوە بژین.
لەسەر ئەم بنەمایە، باوەڕم وایە کە گفتوگۆکانی ئێوەو ئەو ئەنجامانەی دەیانخەنەڕو، هاوکار دەبن لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و پێکەوەژیانی گەلان و پێشخستنی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" کە ئێمە دەستمان پێکردوە.
هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانتان دەخوازم.