لیژنەی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە سلێمانی کۆبوونەوە و ژمارەیەک بڕیاریان دەرکرد.
ئاوێنە: هەردوو میدیای کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڵاویانکردەوە، لیژنەی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە بارەگای مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و ژمارەیەک بڕیارى گرنگیان دەرکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "کۆبونەوەکە بۆ بەکردەییکردنی خاڵەکانی ئەو نەخشەڕێگایە بوو کە هەردوولا لەماوەی ڕابردوو لەسەری ڕێکەوتبوون".
هەر بەپێی ئەو راگەیەندراوە "بارودۆخی ناوچەکە و شپرزەیی نێوماڵی کورد خاڵی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو کە هەردوولا هاوڕابوون دابڕانی لایەنە سیاسیەکان و ئەوفەراغە دارای و حکومیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە بەرژەوەندی هەرێم نیە و بەرپرسیاریەتی گەورە لە ئەستۆی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانە".
هاوکات، لە کۆبوونەوەکەدا بریاردرا ڕاگەیاندنی هەردوولا کۆببنەوە و پلانی هاوبەش دابنێن بۆ بەگژداچوونەوەى دیاردەنامۆکان و پارێزگاری لەشوناسی ئاینی و نەتەوەیی گەلەکەمان.
ئاماژە بەوەشدراوە، زانایانی هەردوولا کۆبنەوە و چالاکی و دیداری هاوبەش ئەنجام بدەن لەبارەى پەروەردەکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەسەر بیروباوەری ئیسلامیی هاوسەنگ.