خانەی هزریی كوردستان لە پەیپەرێکی شیکاریی نوێدا، ئاراستە و ستراتیژەکانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی عێراق بە سەرۆکایەتیی "عەلی زەیدی" بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان خستوەتە ژێر وردبینیی. پەیپەرەکە چەند زانیارییەك دەربارەی دۆسیەکانی نەوت، موچە، ئاسایش و کارتێکەرە نێودەوڵەتییەکان دەخاتەڕو کە داهاتوی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دیاری دەکەن.
ئاوێنه: لە پەیپەرەكەدا كە "د. یاسین تەها" نوسیویەتی و ماڵپەڕی خانەكە (پێنوس) بڵاویكردوەتەوە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە ئاماژەیان پێكراوە:
١. کابینەی زەیدی؛ تێپەڕاندنی قۆناغی جەنگ بە دیپلۆماسییەتی نیازپاکی
پەیپەرەکە ئاماژە بەوە دەکات کە عەلی زەیدی، وەک کاندیدێکی سازان لەناو ڕەوشی شڵۆقی ماڵی شیعی و پاش هەڵبژاردنەکانی تشرینی دوەمی ٢٠٢٥ دەستبەکاربو. بەپێی شیکاریی توێژەران، ئەم کابینەیە زیاتر وەک "پێداویستییەکی فریاگوزاری" بۆ تێپەڕاندنی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا-ئێران لە ناوچەکەدا سەرپێ خراوە. هەرچەندە سەردانە سەرەتاییەکانی زەیدی بۆ هەولێر و سلێمانی وەک "دیپلۆماسییەتی نیازپاکی" لێکدراونەتەوە، بەڵام جەوهەری کێشەکان هێشتا بەستراوەن بە جیاوازیی خوێندنەوە بۆ دەقە دەستورییەکان.
٢. دۆسیەی نەوت؛ پراگماتیزم لە ژێر سێبەری قەیرانی هورمزدا
لێکۆڵینەوەکە تیشک دەخاتە سەر وەرچەرخانێکی ناچاری لە دیدگای ئابوریی بەغدادا. دوای بڕیاری زەیدی بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، دەرکەوتوە کە کێشەی داخستنی گەروی هورمز بەهۆی جەنگەوە، بەغدای ناچار کردوە پەرە بە "پراگماتیزمی ئابوری" بدات لەگەڵ هەولێر بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانە داراییەکانی، ئەمەش مۆدێلێکی نوێی لە "هاوبەشیی ناچاری" لە دۆسیەی نەوتدا دروستدەكات.
٣. پرسی موچە؛ داکشانی داهاتەکان و "مەرجدارکردنی دارایی"
لەم تەوەرەیەدا، پەیپەرەکە پشت بە داتا نوێیەکانی "یەکەی توێژینەوەی وزە لە واشنتۆن" دەبەستێت و ئاشکرای دەکات کە هەناردەی نەوتی عێراق بە ڕێژەیەکی بێپێشینە و توند کە گەیشتوەتە %٩٦ بەراورد بە ساڵی ڕابردو دابزیوە، و داهاتی مانگانە لە ٧ ملیار دۆلارەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار داکشاوە.
بەپێی شیکارییەکە، ئەم ڕاستییە ئابورییە وایکردوە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ پەیڕەوی سیستمێک بکات کە توێژینەوەکە ناوی ناوە "مەرجدارکردنی دارایی؛ واتە بەستنەوەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە سێ مەرج و جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی نێودەوڵەتیی (ASYCUDA)، کە چاودێریی لۆجستی توند دەخاتە سەر داهاتی نانەوتیی هەرێم بە مەبەستی کەمکردنەوەی پانتایی مانۆڕی دارایی سەربەخۆی هەولێر.
٤. دۆسیەی ئاسایش؛ شانە سێبەرەکان و داهاتوی پێشمەرگە
لەسەر ئاستی ئەمنی، پەیپەرەكە کێشەی فرەفەرماندەیی پێشمەرگە و فشارەکانی هێزە شیعییەکان بۆ ڕێکخستنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەخاتە ڕو. هاوكات، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، پەیپەرەکە ئاشکرای دەکات کە سوپای پاسدارانی ئێران شانەی نهێنیی نوێی لە عێراقدا چاندوە کە لە دەرەوەی فەرماندەیی گروپە ناسراوەکان کار دەکەن؛ ئەمەش وا دەکات کە بەڵێنەکانی بەغداد بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم لە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدا بن.
٥. کارتێکەرە دەرەکییەکان؛ سێ کۆڵەکەکەی تۆم باراک
پەیپەرەکە بە شیکردنەوەی ڕۆڵی "تۆم باراک"، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ دۆسیەی عێراق کۆتایی دێت. لێکۆڵینەوەکە دەریخستوە کە گوتاری نوێی واشنتۆن بەرامبەر کابینەی زەیدی لەسەر سێ پایە وەستاوە:
1. قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
2. قوڵکردنەوەی هاوبەشیی ئابوری لەگەڵ ئەمریکا.
3. پشتگیریکردنی مۆدێلی عێراقێکی فیدراڵی یەکگرتو بە مەرجی بەهێزبونی دامەزراوەکانی بەغداد.
دەرەنجامی سەرەکی: گۆڕانی شێوازی شەڕەکە
پەیپەرەكەی "خانەی هزریی كوردستان" دەگاتە ئەو بڕوایە ستراتیژییەی کە سیاسەتی نوێی بەغداد بەرامبەر هەرێم، بریتییە لە گواستنەوە لە “دانوستاندنی سیاسیی کراوە” بۆ “بەڕێوەبردنی تەکنۆکراتی و دامەزراوەییانەی ناكۆكییەكان”. لەم واقیعە نوێیەدا، بەغداد کێشە مێژویی و دەستورییە گەورەکان دەگۆڕێت بۆ دۆسیەی وشک و وردی کارگێڕی، دارایی و گومرگی، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگەیەوە هاوسەنگیی هێز بە لای خۆیدا بشکێنێتەوە.
لِێره كلیك بكه بۆ خوێندنهوهی دهقی پهیپهرهكه