بەغدا پابەندبوونی خۆی بە چارەسەرکردنی دۆسیە داراییەکانی هەرێم دووپات دەکاتەوە و کار بۆ بەدیجیتاڵکردنی مووچە دەکات
  2026-06-22       219       

حکومەتی فیدراڵی عێراق جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی گشت کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، وتەبێژی حکومەت ڕایدەگەیەنێت کە پەرۆشی ئەوان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دانیشتووانی بەغدا و بەسڕە، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ پەرۆشییان بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

ئاوێنە:  حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەسەر ئاستی پرسە داراییەکان، ڕایگەیاند کە یاسای بوودجە و سەرجەم ئەو یاسایانەی لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرن (تەنانەت خودی دەستووریش)، پێکەوە وەک دەروازەیەکی بەردەوام سەیر دەکرێن بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە نیشتمانییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم چوارچێوە یاساییانە نەک تەنها بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە، بەڵکو بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و پارێزگاکانی دیکەی عێراق و حکومەتە خۆجێییەکانیشیانە.

عەبودی ڕوونی کردەوە کە حکومەتەکەی عەلی زەیدی بەدوای هێنانەدی هەموو ئەو ئامانجانەوەیە کە بەرژەوەندی گشتی و گشتگیری گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەستەبەر دەکات؛ چ ئەو هاوڵاتیانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین و چ ئەوانەی لە هەر شوێنێکی دیکەی خاکی عێراقدان.

وتەبێژی حکومەت جەختی لەوەش کردەوە کە پەرۆشی ئەوان بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانی بەغدا، بەسڕە، کەرکووک، یان ئەنبار هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ پەرۆشییان بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانی کوردی بەڕێز لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەسەر شانی حکومەتە بەرامبەر بە سەرجەم عێراقییەکان.

سەبارەت بە دۆسیەی وزە، ڕاگەیەندرا کە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی سەرلەنوێ کارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەشێکە لە ئاڕاستەیەکی گشتی کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی دۆسیە کارگێڕی و داراییە هەڵپەسێردراوەکانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم. هاوکات کار دەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی سەرجەم ئەو کێشانەی پەیوەستن بەم دۆسیەیەوە بە شێوازێک کە تەواو لەگەڵ دەستوور و یاسادا بگونجێت.

عەبودی ئەوەشی خستەڕوو کە لە چەقی ئەم ئاڕاستە فەرمییەدا، کارکردن بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە داراییەکان و ڕاستکردنەوەی بارودۆخە پەیوەندیدارەکان بوونی هەیە، ئەمەش بەگوێرەی پێداویستییەکانی حوکمڕانیی لە مامەڵە حکومییەکاندا پێناسە کراوە.

لە کۆتاییدا، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد کە هاوڕێک لەگەڵ ئەم هەوڵانە، کار دەکرێت بۆ داڕشتنی بنەمایەکی دیجیتاڵی متمانەپێکراو کە بخرێتە ژێر پێوەرەکانی گشتگیریی داراییەوە. ئامانجی سەرەکی ئەم بنەما دیجیتاڵییە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەکانیانە بە شێوازێک کە شەفافییەت بەهێز بکات، و ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمایەکی یاسایی و کارگێڕی دروست جێگیر بکات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×