سەنتەری میترۆ هۆشداری دەدات: ململانێی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی سەروەریی یاسا و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی خستووەتە مەترسییەوە
  2026-06-22       130       

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان نیگەرانیی قووڵی خۆی لە زیادبوونی ئەو داوا یاساییانە دەردەبڕێت کە دژی ڕۆژنامەنووسان دەجۆڵێندرێن، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کەیسانە ڕەهەندی سیاسییان پێوە دیارە و کراونەتە قوربانیی ململانێی سیاسیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. بە بڕوای سەنتەرەکە، ئەم دۆخە نەک تەنها مەترسییە بۆ سەر ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەری، بەڵکو سەروەریی یاساش دەخاتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.

ئاوێنە: ​ئەمڕۆ دووشەممە، سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە تەنها لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە (١٠) کەیسی تایبەت بە پرسی بڵاوکردنەوە بەدەست سەنتەرەکە گەیشتوون. ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە لەبری ئەوەی ئەم کەیسانە بەپێی یاسای ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ی (یاسای رۆژنامەگەری) مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، پەنا براوەتە بەر یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن). ئەمەش لە کاتێکدایە کە سزای سەرپێچیکردن لەم یاسایە قورسە و لە شەش مانگەوە دەست پێدەکات تا پێنج ساڵ بەندکردن.

​لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانە دەرچووە کە بەهۆی ئینتەرنێت و ئامێرەکانی پەیوەندییەوە دروست دەبن. بەڵام لە ئێستادا، دەستەواژەکانی ناو یاساکە (وەک بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو یان تۆمەت بەخشینەوە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە) بە مەبەستی جیاواز و بەتایبەتی بۆ سەرکوتکردنی ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان بەکاردەهێنرێن.

​کەیسی کەناڵ8 و فەرمانی دەستگیرکردن

​سەنتەری میترۆ ئاماژەی بە نوێترین پێشهاتی ئەم بوارە کردووە، کە بریتییە لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە "ئەحمەد نەجم"، سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی کەناڵ8، لەگەڵ "بژار دەباغ"ی ڕۆژنامەنووس. فەرمانەکە لە ڕێکەوتی ٧ی ئایاری ٢٠٢٦ لەلایەن وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە واژۆ کراوە (بەپێی نووسراوی ژمارە ١٣١٧٥)، کە تێیدا داوا لە سەرجەم هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە داواکراوان دەستگیر بکەن و لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر ئامادەیان بکەن. بەپێی زانیارییەکانی سەنتەرەکە، ئەم شەڕە میدیاییە زەمینەی ئەوەشی ڕەخساندووە کە بە هەمان پاساو یەکێتیش داوای یاسایی دژی میدیاکارانی پارتی تۆمار بکات.

​سەنتەری میترۆ ئاشکرای دەکات کە پێش دەرکردنی فەرمانەکە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای لە وەزیری ناوخۆ کردبوو کە بڕیاری دەستگیرکردنەکە دەرنەکات و ڕەچاوی بارودۆخەکە بکرێت تا ئەو کاتەی داواکراوان خۆیان لەبەردەم دادگا ئامادە دەبن، بەڵام سەرەڕای ئەم داوایە، وەزیری ناوخۆ فەرمانەکەی دەرکردووە.

​دابەشبوونی سیاسی و کاریگەری لەسەر جێبەجێکردنی یاسا

​لە ڕاگەیەندراوەکەدا، سەنتەری میترۆ تیشکی خستووەتە سەر قەیرانی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و دەڵێت: "دڵنیاین کە هیچ بنکەیەکی پۆلیس لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری، ئەو داوایەی وەزیری ناوخۆ جێبەجێ ناکەن. هۆکارەکەشی بۆ دابەشبوونی سیاسی دەگەڕێتەوە کە بەهۆیەوە ئەو هێزانە وەزیری ناوخۆ بە وەزیری خۆیان نازانن، و ئەم هاوکێشەیەش بۆ فەرمانەکانی سلێمانیش سەبارەت بە هەولێر ڕاستە."

​سەنتەرەکە ڕەخنەی توند لە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی و یەکێتی بەشێکی زۆری میدیایان تەنها بۆ شەڕی سیاسی، شکاندنی ڕکابەرەکانیان، تۆخکردنەوەی زۆنچێتی و کینەی کۆن دامەزراندووە. ئەمەش وایکردووە کەشێکی گوتاریی هێندە ناتەندروست بڕەخسێت کە زیان بە تەواوی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت.

​لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەنتەری میترۆ بەتوندی ڕەتیدەکاتەوە کە یاسا بۆ ململانێی سیاسی مل کەچ بکرێت، و جەخت دەکاتەوە کە پەناربردن بۆ یاسای ژمارە (٦) لە کەیسی تایبەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بێ نرخکردنێکی ئاشکرای یاسای ڕۆژنامەگەرییە لە کوردستان. هەروەها داوای کاری هەرەوەزی و یەکگرتووانە دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×