ئا: گۆران هەڵەبجەیی
رۆژی ٧ / ١١ / ٢٠١٩ وادەی سەردانی ئەردۆغان بوو بۆ وڵاتی هەنگاریا. لەنێو سەرجەم ولاتانی ئەوروپادا هەنگاریا تاکە وڵاتە کە دۆستو هاوسۆزی تورکیایە، بەڵام لەبۆدابست بەخۆپیشاندان پێشوازی لەئەردۆغان کرا، ئەمە یەکەمجارە خەڵکو ئۆپۆزسیۆن دژی سەردانی سەرۆکی وڵاتێک خۆپیشاندان بکەن.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لێکچوونی ئەقڵیەتی هەردوو سەرۆک لەسیاسەتی ناوخۆو دەرەوەدا، "ڤیکتۆر ئۆربان" سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا،کە نزیکەی 15 ساڵە لەدەسەڵاتدایە، هاوشێوەی ئەردۆغان کەسێکی ڕاستڕەوو نەژادپەرستە، بەهۆی ئەم سیاسەتە چەوتەیەوە وڵاتی هەنگاریای توشی چەندین کێشەو تەنگەژە کردووە. کار گەشتە ئەوەی یەکیتی ئەورپا چەندین جار "هۆشداریی"داوە بە سەرۆک وەزیران، ئەگەر سیاسەتەکانی نەگۆڕێت ئەوە دوور نیە لەیەکێتیەکە دووری بخەنەوە.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە لەئێستادا ئۆپۆزسیۆن بەهێز بووەو جێگەیان بەحیزبەکەی ئۆربان لەق کردووە. بۆ نمونە چۆن ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئیستەنبوڵو چەند باژێڕێکی گەورەیان لەدەستی ئەردۆغان دەرهێنا بەهەمانشێوە ئۆپۆزسیۆنی هەنگاریش لەهەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکاندا بۆدابستو چەندین باژێڕی دیکەیان لەئۆربان بردوە.
ئومێد زۆرە کە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئۆربان کەمینە بەدەست بهینیتو نەتوانیت جاریکی تر ببیتەوە بەسەرۆک وەزیران.
ئەوەی کە بۆ سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا کەمەرشکێن بوو ئەو خۆپیشاندانە بوو کە دژ بەسەردانی ئەردۆغان کرا. چونکە ئەمە یەکەمجارە خەڵکو ئۆپۆزسیۆن دژی سەردانی سەرۆکی وڵاتێک خۆپیشاندان بکەن.
لەخۆپیشاندانەکەدا ئاڵای کوردستان، یەپەگە، یەپەژە، پەکەکە بەرز کرابوونەوە. دروشمەکانیان دژ بەئەردۆغانو پشتگیری بوو بۆ کوردانی ڕۆژئاوا.
جگە لەهەنگاریەکان، کوردانی باکور کە لەوێ چێشتخانەیان هەیە، کوردانی باشوور کە هەندێکیان ساڵانێکی زۆرە لەوێ نیشتەجێ بوونو هەریەکەیان بەکارێکەوە خەریکە، هەر وەها ژمارەیەک خوێندکاری هەرچوار پارچە کە ژمارەیان زۆر کەمە بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون.
ئەوەی شایانی ئاماژەیە دوو شتە:
یەکەم، بەشدارنەکردنی سەرۆکی شارەوانی بۆدابست لەمەراسیمی پێشوازی ئەردۆغاندا کە وەک پرۆتۆکۆل دەبوو بەشدار بێت. ئەمەش وەک ناڕەزایی دەربڕینێک بەرامبەر بەو سەردانە، هاوکات بەهۆی ئەوەی سەرۆک شارەوانی سەر بەئۆپۆزسیۆنە. ئەمەش روگیرییەکی مەزنی بۆ سەرۆک وەزیران دروست کردبوو.
دووەم، ئەوەیە کە ئەردۆغان بەنیازە ناوەندێکی ڕۆشنبیری تورکی لەبۆدابست بکاتەوە. ئەمەش بنکەیەکو سەرەتایەک دەبێت بۆ چوونە نێو کۆمەڵگەی هەنگاری، وەک چۆن لەباشور ژمارەیەک خوێندنگا، بنکەی بەناو ڕوناکبیری، مزگەوت، زانکۆو...هتد هەنو ئەقڵو سۆزی هەندێک لەتاکی کوردیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە، جا بەنیازن لەهەنگاریش هەمان کار بکەن، چونکە لەهەنگاریا جگە لەکارمەندانی باڵوێزخانەی تورکی، تورکی دیکەی لێنیە وەک رەوەند، تا لەم ڕێگەیەوە خزمەتیان بکات.
هەنگاریەکان لەم ڕوەوە زۆر کورتبینن، درەنگ لەمەرامی بەناو دۆستەکانیان تێدەگەن. کاتێک بەئاگا دێنەوە کار لەکار ترازەوەو کات درەنگە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان.
هاوژینەکەم کە هەنگارییە، زۆرجار بەشۆخیەوە پێمدەڵێت: سەرکردەکانی ئێمەو ئێوە (واتە هەنگاریو کورد) سیاسەتیان زۆر لەیەک دەچێت، بۆیە پێدەچێت خزمی یەکتر بن.







