قاسمی سلێمانی لەگەڵ کوڕەکەی سیستانی‌و موقتەدا سەدر لەسەر کۆتایهێنان بەخۆپیشاندانەکان رێککەوتون
  2019-11-09       2331       

ئا: ئاوێنە

 

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند کە قاسمی سلێمانی لەگەڵ محەمەد رەزا سیستانی‌ - کوڕی عەلی سیستانی -و موقتەدا سەدر لەنەجەف کۆبوەتەوەو لەسەر کۆتایهێنان بەنارەزایی‌و خۆپیشاندانەکان بەزەبری هێز رێککەوتون.

 

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات کە حزبە سیاسیەکانی عێراق لەسەر مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لەپۆستەکەیدا رێککەوتون

هەرچەندە لایەنگرانی موقتەدا سەدر پێشتر خوازیاری دەست لەکارکێشانەوەی موقتەدا سەدر بون، بەڵام ئێستا بەهۆی گوشاری ئێرانەوە لەگەڵ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی-ن لەپۆستەکەی.

دو کاربەدەستی عێراق کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، بەئاژانسی هەواڵی فەرەنسایان راگەیاندوە کە لەماوەی چەند رۆژی رابردودا زنجیرەیەک کۆبونەوە کراوەو لەم کۆبونەوانەدا هێزو حزبە سەرەکیەکانی عێراق بەشداریان کردوە، ئەم حزبانە لەسەر پێویستی مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لەپۆستەکەی‌و ئەنجامدانی چاکسازی‌و لەهەمانکاتدا لەسەر کۆتایهێنان بەخۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەکان رێککەوتون.

قاسمی سلێمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەم کۆبونەوانەدا بەشداری کردوە، ئەو توانیویەتی لەشاری نەجەف پاش کۆبونەوەی لەگەڵ محەمەد رەزا سیستانی‌ - کوڕی عەلی سیستانی -و موقتەدا سەدر، پشتیوانی ئەوان لەحکومەتی ئێستای عادل عەبدولمەهدی بەدەستهێناوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردو سیستانی سەبارەت بەدەستتێوەردانی "لایەنی دەرەکی" لەناڕەزاییەکانی عێراق هۆشداری دا بو.

یەکێ لەسەرچاوە ئاگادارەکان بەئاژانسی فەرەنسایان راگەیاندوە کە پاش ئەم پشتگیرییە، حیزبە سیاسیەکانی عێراق گەشتون بەو ئەنجامەی کە حکومەتی ئێستا "پێویستە بەهەر شێوەیەک بوە کۆتایی بەخۆپیشاندانەکان بێت".

وا بڕیارە کە حزبە سیاسیەکانی عێراق لەپەرلەمان بۆ ئەم مەبەستە کۆدەبنەوە.

دەستتێوەردانی قاسمی سلێمانی لوگۆرانکارییە سیاسیەکانی عێراق لەکاتێکدایە کە عەلی خامەنەئی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ناڕەزاییەکانی عیراقی بەکاری دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاواو بەپارەی ئەو وڵاتانەی کە ئو بە"وڵاتانی دواکەوتوی ناوچەکە"ی ناوبرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×