گفتوگۆکانی هەرێم و بەغداد لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەیشتوونەتە بنبەست
  2026-07-06       157       

سەرەڕای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر دەستپێکی مانگی تەمووزدا، هێشتا چارەنووسی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نادیارە و ناکۆکییەکی قوڵ لەسەر بڕگەی داهاتی نانەوتی لەنێوان هەولێر و بەغداد، پرسی مووچەی گەیاندووەتە بنبەست. 

ئاوێنە: ​لە هەفتەی ڕابردوودا، چوار شاندی جیاوازی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادیان کرد بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی مووچە و داهاتە نانەوتییەکان. لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە توانای دابینکردنی ١٢٠ ملیار دینار وەک بڕگەی داهاتی نانەوتی نییە.

​سەرەڕای هەوڵەکان، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ئامادە نەبوو هیچ کەمکردنەوەیەک لەو بڕە پارەیە بکات. دواتر لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داواکارییەکەی هەرێمی بۆ کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر پێویستی شەفافیەت لە داهاتەکانی هەرێم و گەڕانەوەیان بۆ خەزێنەی دەوڵەت کردەوە.

​بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا گرژی و دەمەقاڵێ لەنێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ڕوویداوە. شوانی ڕەخنەی لەو شێوازەی مامەڵەکردنە گرتووە و بە هۆکارێکی دەزانێت بۆ دروستکردنی کێشەی بەردەوام بۆ مووچەخۆرانی هەرێم.

​پێشبینییەکان بۆ قۆناغی داهاتوو بەرەو ئاڵۆزی دەچن؛ بەغداد سوورە لەسەر ئەوەی مووچە بنێرێت، بەڵام بڕی ١٢٠ ملیار دینارەکە لێی دەبڕێت. ئەم هەنگاوەش حکومەتی هەرێم ناچار دەکات بەدوای دابینکردنی کورتهێنانەکەدا بگەڕێت.

​حکومەتی هەرێم هۆشداری داوە کە بڕینی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەغدادەوە، نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ ملیار دینار کورتهێنان دروست دەکات، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دواکەوتنی زیاتری وادەی دابەشکردنی مووچە، تەنانەت ئەگەر پارەکە لە بەغدادیشەوە بگات.

​پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان (کە دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، باج و رسومات، سوتەمەنی و کشتوکاڵ دەگرێتەوە) بووەتە خاڵێکی ناکۆکی سەرەکی. تائێستا هیچ ئامارێکی ورد و باوەڕپێکراو لەبەردەستدا نییە کە بە تەواوی ڕوون بکاتەوە ئەو داهاتە چەندە و چۆن خەرج دەکرێت.

​لە کاتێکدا هەندێک لە پەرلەمانتاران و وەزیری پێشووی دارایی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە کە داهاتی نانەوتی هەرێم نزیکەی ٤٠٠ ملیار دینارە، حکومەتی هەرێم ئەو ژمارەیە ڕەت دەکاتەوە و بە ٢٥٠ ملیار دینار دایدەنێت. لەم بارەیەوە عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە: "بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێم، داهاتی نانەوتی لە ٤٠٠ ملیار دینارەوە بۆ ١٤ ملیار دینار دابەزیوە، ئەمەش بە پێوەرە ئابوورییەکان ناچێتە عەقڵەوە".

​چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا بەغداد هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بنێت، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەگەری زۆرە مووچەخۆرانی هەرێم جارێکی دیکە باجی ئەم ناکۆکییە سیاسی و ئابوورییانە بدەن و کێشەی مووچە بۆ مانگەکانی داهاتووش درێژەی هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×