وەسیەتنامەکەی شەریف پاشا دۆزرایەوە 
  2026-07-06       251       

ڕاگەیاندنی مەڵبەندی کوردی لە ڤیەننا لەرڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت "دەقی وەسیەتنامەکەی شەریف پاشای خەندان دۆزراوەتەوە".

 

ئاوێنە: دەقی راگەیاندراوەکەی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی کوردی لە ڤیەننا:

 

وەسیەتنامەکەی شەریف پاشا دۆزرایەوە 

دوێنێ  کاتژمێر ١٥:٠٠ ی  ، رۆژی شەممە ٠٤.٠٧.٢٠٢٦ لە قیەننای پایتەختی نەمسا مەڵبەندی کوردیی ڤیەننا بە ھاوکاری ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی و کەلتور  ، سومپۆزیۆمێکیان بەناونیشانی  (جەنەڕاڵ شەریف پاشا -  ١٨٦٥ - ١٩٥١ لە نێوان کاری دیپلۆماسی و خەونی دەوڵەتی کوردستان ) سازکرد بە ئامادەبوونی ژمارەیەژی زۆری میوانان و ڕەوەندی کوردی کە بەشێکیان لە ڕێگایەکی دوورەوە ھاتبوون.

سەرەتا لەلایەن دانا شەدەڵە ھاوسەرۆکی مەڵبەندی کوردی لە ڤیەننا میوانان بەخێرھێنران و کورتەیەک لە کار و چالاکییەکانی مەڵبەندی کوردی لە ڤیەننا باس کرد و لەھەمانکاتیشدا تیشکی خستە سەر خەبات و کارە دیپلۆماسییەکانی جەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان ١٨٦٥ - ١٩٥١ .
 لە درێژەی سیمینارەکە کە تایبەت بوو بە شەریف پاشا ، حەمید ئەبوبەکر بەدرخان ، بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان ، باسی ژیان و خەبات و دەردەسەرییەکانی شەریف پاشای کرد ، کە چۆن ژیاوە و کارە دیپلۆماسییەکانی بەشێوەیەکی کارامە بەڕێوەبردووە و چۆن ڕۆژنامەی مەشروتیەتی بە زمانی توکی و فەڕەنسی لە فەڕەنسا دەرکردووە. پاشان باسی پڕۆژەی ساڵی ئایندەیکرد، کە چۆن بتواندرێت ھەژدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان سازبدرێت کە بڕیارە لە نەورۆزی ٢٠٢٧ بەھاوکاری مەڵبەندی کوردی  ڤیەننا و چەندین ڕێکخراوی دیکە لە نەمسابێت ،بەتایبەتی لە وڵاتە ئەڵمانی زمانەکاندا ( نەمسا، ئەڵمانیا، سویسڕا، لۆکسمبۆرگ  ....) .
 ھەروەھا نووسەر و لێکۆڵیار ، ئەڤین چیچەک کە لە سویسڕاوە ھاتبوو ، بە درێژی قسەی لەسەر ئەو بەڵگەنامانە کرد کە چۆن ویستویانە دژ بە شەریف پاشا بەکاریبھێنن ،بەتایبەتی لەلایەن وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و تورکیای ئەوکات . تیشکیشی خستە سەر کارە ڕۆژنامەوانییەکانی شەریف پاشا لە ساڵانی ١٩٠٨ بۆ ١٩١٤ .
لەپاشان بەرپرسی ڕێکخراوی شەریف پاشای نێودەوڵەتی ، جوامێر بەختیار مستەفا ،  کە بارەگاکەی لە بەریتانیا و سویسڕایە، باسیی وەفاتنامەکەی شەریف پاشای خەندانی کرد کە لە فێستیڤاڵی حەڤدەیەمینی نێودەوڵەتی بەدرخان لە ئیتاڵیا دۆزرایەوە و ئەو گفتوگۆیانەی یەکلاییکردەوە، ئاخۆ شەریف پاشا گۆڕەکەی لە قاھیرەیە یان لە ئیتاڵیا ، چونکە بە پێی وەفاتنامەکە و شاھیدەکان ، گۆڕی شەریف پاشا ئێستا لە کەتەنزاڕۆی ئیتاڵیایە ، ھەرلە درێژەی قسەکانی مژدەی دۆزینەوەی  وەسیەتنامەی جەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندانی ڕاگەیاند کە چۆن دۆزیویەتەوە و لەو ڕۆژانە دەچێتە ڕۆما و وەسیەتنامەکە وەردەگرێت و بۆ ڕای گشتی بڵاویدەکاتەوە و دەربارەی چۆنیەتی تێرۆرکردنی شەریف پاشا لەلایەن بە کرێگیراوێک بەناوی عەلی جواد.
ھەروەھا عەلی ڕەزا گوێکتاش،   ھاوسەرۆکی مەڵبەندی کوردی لە ڤیەننا لە چەندین لایەنی دیکەی باسەکە دوا و باسی لەو کتێبەی خۆیکرد کە بە زمانی ئەڵمانی نووسیویەتی  .
شایانی گوتنە چەندین نووسەر و ڕووناکبیر و 
ھەروەھا ھونەرمەندی شێوەکار کاوە کافرۆشی و چالاکانی بواری ماس میدیا و بوارەکانی دیکە ئامادەی کۆڕەکە بوون . بەتایبەتی ئۆردیخانی جەلیلی جەلیل لە بری جەلیلی جەلیل ئامادەبوو ، ھەروەھا لێکدانەوەکانی خاتوو  سەمیرە عەلی و دکتۆر عەلی مازۆچی لایەنێکی دیکەی کۆڕەکەبوون .
پاش تەواوبوونی سیمینارەکە لەلایەن چەندین میوانەوە پرسیار ئاراستەی کۆڕگێڕەکان کرا و وەڵامدرانەوە .
ھەروەھا ھەر لەو دیدارەدا ھەڤاڵ خەجۆ ، ژنە سیاسەتوانی کورد ئامادەی ئەو کۆڕە بوو و دەستخۆشیی لەو جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوانە کرد و  پەسندی ئەوەی کرد، کە دەتواندرێت لە ڕێگای لۆبی  کەلتوری کاری زۆر باش ئەنجامبدرێت .
بۆ بیرھێناوە لەلایەن شاعیری ھەستناسک ناسک حەمە غەریب چەندین شیعری پێشکەش بە میوانان کرا ...
تێبینی : نیشاندانی فیلمی دیکۆمێنتاری شەریف پاشای خەندان ، کە بەرھەمی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی کەلتور و مەڵبەندی کوردیی ڤیەننا ٢٠٢٦ بوو، لەلایەن ھونەرمەندی دەستڕەنگین نەژاد نەجم دەرھێندرابوو .
ھەرچەندە بە ھۆکاری تەکنیکی گوێزانەوەی ڤیدیۆکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان لە کەتەنزاڕۆ - ئیتاڵیا بۆ ماوەیەک دەستپێکردنی سومپۆزیۆمەکە دواکەوت . سوپاسی دڵگەورەیی میوانانمان کرد .

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×