قایمقامیەتی پارێزگای هەڵەبجە ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم ئەو مووچەخۆرانەی سنوورەکە کرد کە نامەی وەرگرتنی کارتی بانکی «هەژماری من»-یان پێگەیشتووە و ڕایدەگەیەنێت، کارتەکانیان لە بانکی هەڵەبجە ئامادەیە و دەتوانن سەردانی بانک بکەن بۆ وەرگرتنەوەیان.
ئاوێنە: بەپێی ئەو ڕێنماییانەی بڵاوکراونەتەوە، تیمی تایبەتی «هەژماری من» لە بانکی هەڵەبجە بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و خێراکردنی پرۆسەکە، ڕۆژانە توانای دابەشکردنی 300 بۆ 370 کارتی بانکییان هەیە. لەو چوارچێوەیەدا، قایمقامیەتەکە داوا لە مووچەخۆران دەکات بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو سەردان بکەن:
خشتەی سەردانیکردن بۆ وەرگرتنی کارتەکان:
یەکشەممە و دووشەممە: تایبەت بە مووچەخۆرانی سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە.
سێشەممە: تایبەت بە مووچەخۆرانی قەزای پێنجوێن.
چوارشەممە: تایبەت بە مووچەخۆرانی قەزای دەربەندیخان.
پێنجشەممە: تایبەت بە مووچەخۆرانی قەزاکانی شارەزوور و سەیدسادق.
قایمقامیەت جەختی کردووەتەوە کە باشترین هەنگاو بۆ مووچەخۆران ئەوەیە لەو کاتەی نامەکەیان بەدەست دەگات، لە هەمان ڕۆژدا سەردانی بانک بکەن.
کات و پێداویستییەکان:
دەوامی تیمی هەژماری من لە ڕۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە (بەدەر لە ڕۆژانی پشوو) لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تا 4:00ی پاشنیوەڕۆ دەبێت. پێویستە هەر مووچەخۆرێک لە کاتی سەردانیکردندا ئەم مەرجانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرێت:
ئامادەبوونی کەسی مووچەخۆر بە خۆی.
پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ڕەسەنی کارتی نیشتمانی.
بوونی ئەو ژمارە مۆبایلەی کە هەژمارەکەی لەسەر تۆمار کراوە.
جێگەی ئاماژەیە، بۆ هەر ڕوونکردنەوە یان پرسیارێک سەبارەت بە هەژمارەکانیان، مووچەخۆران دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی 1991-ی سەنتەری پەیوەندییەکانی «هەژماری من»-ەوە بکەن.