"بڕیارە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەمویل بکرێت"
  2026-07-07       191       

دوای زنجیرەیەک مشتومڕ و دواکەوتن، دۆسیەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست د. ڕێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کەوتووە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی بەغداد بە فەرمی تەمویلی مووچەی هەرێم ڕەوانە بکات.

ئاوێنە: ​ئەم هەنگاوەی بەغداد لەکاتێکدایە کە "فالح ساری"، وەزیری دارایی عێراق، بە فەرمی بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کراوە. ئامانجی سەرەکی لەم بانگهێشتکردنە، روبەڕوبونەوەی وەزیرە بەو پرسیارانەی کە پەیوەستن بە کێشە داراییەکان و ئەو "یارییە سیاسی و کارگێڕییانەی" کە لە دەوری ناردن و نەناردنی مووچەی هەرێم دەسوڕێنەوە. د. ڕێبوار کەریم جەختیکردەوە کە ئەوان لەو کۆبوونەوەیەدا سوور دەبن لەسەر ئەوەی بە تەواوی کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت و میکانیزمێکی جێگیر بۆ ناردنی مووچە دابنرێت.

​هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانە، شیروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی پێشوویدا بۆ "کەناڵ8" پشتڕاستی کردەوە کە سەرەڕای ئەو قەیرانی نەختینەیەی بەرۆکی حکومەتی فیدراڵی گرتووە و تەنانەت کاریگەری لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش هەبووە، بەڵام بڕیاری سیاسی بۆ ناردنی مووچەی هەرێم دراوە و تەمویلکردنەکە دەست پێدەکات.

​بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ئاراستەی یەکەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم دەستی پێکردووە. بەڵام پرۆسەکە بە شێوەیەکی بێ مەرج نابێت؛ بڕیارە بڕی 120 ملیار دینار لە کۆی ئەو تەمویلەی بۆ هەرێم دەنێردرێت ببڕدرێت.

​بەغداد ئەم بڕە پارەیە وەک هاوتای داهاتی نانەوتی ناوخۆی هەرێم هەژمار دەکات، کە بەپێی رێککەوتنەکان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەتی عێراق. بەمەش ئەو پارەیەی کە بە کردەیی دەگاتە دەست وەزارەتی دارایی هەرێم، بریتی دەبێت لەو بڕەی کە 120 ملیار دینارەکەی لێ دەرکراوە.

​سەرجەم چاوەکان لە ئێستادا لەسەر کۆبوونەوەکەی لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی عێراقە، کە بڕیارە بەدیهێنەری کۆتاییهێنان بێت بەو "یارییە"ی کە مانگانە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×