مێسی و ڕۆناڵدۆ
  2026-07-07       430       
مێسی و ڕۆناڵدۆ

حسێن ئەلوادعی

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

مێسی و ڕۆناڵدۆ، هەندێک جوانی و قەشەنگییان بە تۆپی پێ بەخشی، نکوڵییان لێ ناکرێت، ئەمە شتێکە گومانی تێدا نییە.. بەڵام ئەوان تاوانێکی گەورەیان کرد، کاتێک خولیای جوان و سەرنجڕاکێشی هاندانیان گۆڕی بۆ "چەشنێک لە ئایین" و پەرستنێکی بێ پێچ و پەنای کەسەکان!

کتوپڕ، هاندەری ژیر و سەنگین، بوو بە دەروێش لە "گرۆیەکی ئایینی(Cult) ی بێ کەم و و زیاددا: ئاوەدان بە بتە پەرستراو و، باوەڕە چەقبەستوو و، سروتە پیرۆز و، ڕقەکانی کافرکردنی ئەوی دیکە.

لەناو ئەم جیهانە نەخۆشەدا، تۆ بۆ ئەوە تەماشای یارییەک ناکەیت تا چێژ وەربگریت، بەڵکو بەشداریی لە "سروتێکی باوەڕدا" دەکەیت. لێرە لەم شوێنەش، باوەڕدارانێکی لەخواترس و بێباوەڕانێکی لەخوانەترس هەن و، سەرچاوەی بەڵگەکان لۆژیک نین، بەڵکو وەک سروشێک کە ڕەوانە دەکرێت دەخرێنە ڕوو: سەرژمێرییەکانی پێگەکانی ئینتەرنێت، گرتە ڤیدیۆییەکانی "بەر لەوەی بسڕدرێتەوە تەماشای بکە" و، ئەو گۆڵە پەرجووئاسایانەی وەک هەندێک دەقی پیرۆز کە لێکدانەوە هەڵناگرن دەخوێنرێنەوە! لەو بارەیەوە نموونەن.

دوو دەیەی ڕەبەقە ئێمە لە ژێر قورسایی و باری گرانی ئەم مشتومڕە ئایدیۆلۆژییە نەزۆک و بێ بەروبوومەدا دەناڵێنین کە دەڵێت: "کێ باشترە..... ڕۆناڵدۆ یان مێسی؟"

پرسیارێکە، هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان لەبارەی تۆپی پێوە نەبووە، بەڵکو گەڕانێک بووە بە دوای "ئەوی لە ڕووی مێژووییەوە هەڵبژێردراوە" کە شایان و شایستەی تەختی پادشایەتیی تۆپی پێیە، ئەو تەختی پادشایەتییەی تەنها هەڵبژێردراوان یاخود دەست بە دەستنوێژان دەستی لێ دەدەن و پێی دەگەن. پاڵەوانێتییەک یان گۆڵێک لە دوایین چرکەکاندا، بەس بوو بۆ هەژاندنی ئەو باوەڕە جەماوەرییە و، سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژوو لە سەرەتاوە.. دەتگوت لە بەردەم هەندێک پەرجووی ئاسمانیداین، نەک تەنها بڕێک دەستکەوتی وەرزشیی مرۆڤانێک کە بە دوای پارچە چەرمێکدا ڕادەکەن.

هەر بۆیە، هەوادارانی هەردوو لا، بوونەتە "مزگێنیدەرانێک" ماندوو و بێزار نابن. سۆشیال میدیا بڵندگۆ و ڕووگەکەیە، چەند متمانەی گرۆکە بە بتەکەی خۆی بە هۆی درەوشانەوەی بتە ڕکابەرەکەوە بهەژێت، زیاتر بتەکەی خۆیان دەپەرستن و دەپارێزن و زێدەڕۆیی تێدا دەکەن. شەڕەکە هەرگیز شەڕی ئەوە نەبووە کێ باشتر یاری دەکات، بەڵکو شەڕی ئەوە بووە کێ سەردەکەوێت و نەمریی مسۆگەر دەکات!

تەنانەت ئەفسانەکانی سەرەتا، لەم کوورە سەمبولیکییە پارێزراو نەبوون، مارادۆنا بوو بە "دەقی دامەزرێنەر"ی ئەفسانەی ئەرجەنتینی و، پیلێ بووە "پێوانە مێژووییەکە"ی مەزنێتی. بەڵام بە درێژایی ساڵانی ڕابووردوو، هەردووکیان بۆ ئەوە پەلکێشی گۆڕەپانی کێشمەکێشە ئایدیۆلۆژییەکە کران، تا ئەوە بسەلمێنرێت کە خودا نوێیەکان خوداکانی پێش خۆیان سڕییەوە و، خودا دێرینەکان تەنها قۆناغێکی سەرەتایی و ڕێخۆشکەر بوون بۆ سەرهەڵدانی "فریادڕەسەکە".

لەو سۆنگەیەشەوە کە هەر باوەڕێك ڕۆژی "چوونە ناو مەککە"ی خۆی هەیە، چرکەساتی بردنەوەی جامی جیهان لە لایەن ئەرجەنتینەوە، "سەرکەوتنی ئێجگاریی باوەڕی مێسیزم" بوو!

میللەتانی سادە و سروشتی، ڕووداوەکەیان وەک سەرکەوتنێکی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بینی، بەڵام لای گرۆ ئایینییەکەی مێسی، چرکەساتەکە چرکەساتی تاجلەسەرنانی خودا پەرستراوەکە و، ڕاماڵینێکی بتە ڕکابەرەکان بوو. چرکەساتی "دڵنیاییە گەورەکە" بوو لە دوای دوو دەیە لە گومان و پەرستش و، سەلماندنێکی بێ چەند و چوونی دروستیی ئەو باوەڕە بوو کە بە نهێنی و بە ئاشکرا باوەڕیان پێی بوو.

لێرەدا دەرگا و دەروازەکانی فەرهەنگی ئایینی کرانەوە و کەوتنە سەر گازی پشت و، چیی دیکە بابەتەکە تەنها خوازەیەک نەما، بەڵکو چیی دیکە هاندەران بە زار و زمانێکی "لاهوتییانە"ی بێ زیاد و کەم باسی مێسییان دەکرد. چیی دیکە دەربڕین و دەستەواژەی لە نموونەی وەک " بوونەوەرێکە لە چەشنی مرۆڤ نییە"، "پەرجووە"، "بێهاوتایە"، "یەکەم و کۆتاییە"، ڕەخنەگرانیشی، لە نووسین و ئەدەبیاتی گرۆ ئایینییەکەدا، بوون بە "بێباوەڕانێکی تۆپی پێ" یان "هەڵگەڕاوانێک" پێویستە تۆببە بکەن یان لە ڕووی ئەلیکترۆنییەوە بەردباران بکرێن. بڵندگۆکانی پەیوەندی بوونە دادگاکانی پشکنین لە "ڕادەی باوەڕبوون بە مێسی" دەکۆڵنەوە و، گومانکردن لە شایستەبوونی بە هەر خەڵاتێک، بووە "بێباوەڕییەکی ئاشکرا بە ئایەتەکانی یارییەکە"!

دیمەنی "کەوا" قەتەرییەکەش بووە ئایکۆنە گەورەکەی ئەم وێناکردنە گرۆئایینییە. چیی دیکە چرکەساتەکە تەنها چرکەساتی زەماوەندێکی تۆپی پێ نەما، بەڵکو لە ڕوانگەی دەروێشەکاندا گۆڕا بۆ دیمەنی "تاجلەسەرنانێکی گەردوونی". ئەوەتا "پاپا قەتەرییەکە" پیرۆزیی پێغەمبەرانەی خۆی بە پادشای تاجلەسەرنراو دەبەخشێت، پیرۆزییەک کە ملیۆنان دۆلار پاڵپشتی دەکەن، تا بتەکە بگەیەنێتە لووتکەی ئۆڵەمپی تۆپی پێ، تا لەوێ لەو شوێنە بڵندەی خۆیەوە تەماشای ئەو بتە ڕکابەرانەی خۆی بکات، کە کتوپڕ لە پادشانشینەکەیدا بوونە ژمارەیەک شوێنکەوتە.

شادیی "شوێنکەوتەکانی مێسی" لەو ڕۆژەدا، شادییەکی وەرزشیی بەدبەخت نەبوو، بەڵکو "چرکەساتی پاکبوونەوەیەکی ئایینی" ڕزگاربوون بوو. دواجار لە دەست گومان و ترسەکانیان سەبارەت بە خودایەتیی پەرستراوەکەیان خۆیان ڕزگار کرد. لە کۆتاییدا، لە دوای شەڕێکی دەروونیی درێژخایانی ڕەتێنەر و خوێناویی، باوەڕ لە دڵیاندا گیرسایەوە و، بەراوردکارییە ناوخۆییەکان بڕانەوە.

ئەمڕۆ، ئێمە لە جەرگەی مۆندیالی٢٠٢٦ داین.

ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم قۆناغێکی تەواو نوێداین. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کۆچکردنی "دوایین پێغەمبەرانی تۆپی پێ" و نائامادەیی لە گۆڕەپانەکەدا، تاقە دەستەبەری گەڕانەوەی ئەقڵ و ژیرییە بۆ ناو کاسە و کەللەی سەری ئەو "شوێنکەوتانە"ی گرۆ ئایینییەکەی مێسی و ڕۆناڵدۆ.

ئێستا، پاش ئەوەی دووکانەکان داخران و گۆڕەپانەکان لە پێغەمبەرە ساختەکان چۆڵ بوون، دەروێشانی دانیشتووی سەر کورسیی هاندەرانی یاریگاکان دەتوانن لە ئاسمانی ئەفسانە و میتافیزیکی تۆپی پێ داببەزن و بێنە خوارەوە و، بێنەوە سەر خۆیان و، ئاوڕ لە ژیانی سادەی خۆیان بدەنەوە و، بەو چەشنە تەماشای تۆپی پێ بکەن کە یەکەمجار دەستی پێ کرد: تەنها وەک یارییەکی چێژبەخش بۆ مرۆڤەکان، نەک شەڕێکی ئایینی لە نێوان خودا ساختەکاندا!

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×