وەزارەتی تەندروستیی بڕیارێکی بۆ سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکان دەرکرد و ڕایگەیاند، نابێت بە هیچ شێوەیەک و بە پاساوی ''پاکتاوی دارایی''، تەرمی ئەو کەسانەی گیان لەدەستدەدەن ڕابگرن.
ئاوێنە: د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستیی هەرێم بڕیارێکی دەرکردووە و ئاڕاستەی نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و تیایدا هاتووە "لە کاتی گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێکدا، دەبێت دەستبەجێ و بێدواکەوتن تەرمەکە ڕادەستی کەسوکاری بکرێتەوە".
ئەوەش هاتووە "نابێت بە بیانووی نەبوونی خەرجی نەخۆش یان تەواونەکردنی پاکتاوی خەرجی لەگەڵ نەخۆشخانە، تەرم ڕابگیرێ و دەستبەسەر بکرێ".
وەزیری تەندرووستیی ئاماژەی بەوەشداوە، پڕۆسەی ڕادەستکردنەوەی تەرم دەبێت بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی پزیشکی داد بێت.
هاوکات وەزیری تەندرووستیی هۆشداریی دەداتە نەخۆشخانەکان و ڕایدەگەیێنێت، لەکاتی پابەندنەبوون بەم رێنماییە و هێشتنەوەی تەرم بەهۆی پارەوە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.