حکومەتی ئەمریکا ئەو مۆڵەتەی هەڵوەشاندەوە کە بەشێوەیەکی کاتی ڕێگەی بە فرۆشتنی نەوت، بەرهەمە نەوتییەکان و کەرەستە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دەدا، هەروەها ڕایگەیاند کە کردەوەکانی تاران لە گەرووی هورمز «بە تەواوی قبوڵنەکراون» و لێکەوتەیان دەبێت.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتی «ڕۆیتەرز»، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ڕێگەی «نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی» (OFAC)، ڕایگەیاندووە کە «مۆڵەتی گشتیی ئێکس»ی هەڵوەشاندووەتەوە و لە ١٦ی تەممووزەوە «مۆڵەتی گشتیی ئێکس١»ی وەک جێگرەوەیەک خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە تا قۆناغی کۆتاییهێنان بە مۆڵەتە پێشووەکە دەست پێبکات.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز و دەریای عومان کرانە ئامانجی پەلاماری نادیار. بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند؛ بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، هێزەکانی ئێران تەقەیان لەو کەشتییانە کردووە. تاران تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە و هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
دوای ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا زیاتر لە ٣٪ بەرزبووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر، بەتایبەت سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و کەمکردنەوەی بەشێک لە سزاکان، بە دڵسۆزییەوە بەردەوامە. بەڵام ئەم پێشهاتانە تێگەیشتنە لاوازەکەی نێوان هەردوو وڵاتی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورە و پێدەچێت هەر کاردانەوەیەکی توند، ڕەوتی گفتوگۆکان پەکبخات.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا؛ نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی بەکارهاتووی جیهان و ڕێژەیەکی بەرچاو لە گازە سروشتییە شلکراوەکان (LNG) لێیەوە تێپەڕ دەبن. هەر تێکچوونێکی درێژخایەن لەم ڕێڕەوەدا، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی وزە و فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر ئابووریی وڵاتان و بەکاربەران.
بەپێی ڕۆیتەرز، هەناردەکردنی نەوت هێشتا گرنگترین سەرچاوەی داهاتی دراوی بیانی بۆ حکومەتی ئێرانە و بەشێکی زۆری بودجەی دەوڵەت دابین دەکات. سەرەڕای چەندین ساڵ سزای ئابووری، ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا توانیویەتی هەناردەی نەوتەکەی بەتایبەت بۆ چین زیاد بکات. بۆیە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی ئەمریکا و هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی زیاتری فرۆشتنی نەوتی ئێران، دەتوانێت گوشاری ئابووریی زیاتر لەسەر تاران دروست بکات و تواناکانی بۆ تێچووە ناوخۆییەکان و چالاکییە هەرێمییەکانی کەم بکاتەوە.