تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاشکرای کرد، دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ سزای زیندانیی بۆ پێنج هاووڵاتیی کورد دەرکردووە، هاوکات چارەنووسی وەرزشوانێکی کوردیش کە چوار ڕۆژ لەمەوبەر دەستبەسەر کراوە، نادیارە.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە، لە درێژەی بەدواداچوونی دۆسیەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەستبەسەر کرابوون، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە ورمێ سزای زیندانیی بەسەر ژمارەیەک هاووڵاتیی کورددا سەپاندووە.
دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، سزای زیندانیی بەسەر پێنج هاووڵاتیی کورددا سەپاندووە کە بەم شێوەیەی خوارەوەن:
کەریم مەسعوودی: لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەحموودی، سزای دوو ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.
بێهزاد سەمەدزادە: لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی، سزای دوو ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.
سەردار پوورمیرزایی: لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، سزای دوو ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.
غولامڕەزا عەبدوڵڵازادە: لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، سزای ساڵێک زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.
فەرشاد سووری: لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی، سزای نۆ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم دەستبەسەرکراوانە لە ئێستادا لە گرتووخانەی شاری ورمێ ڕاگیراون.
لە لایەکی دیکەوە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بە دۆسیەی هاووڵاتییەک بە ناوی حەمید محەمەدزادە کردووە کە وەرزشوانە و لە پارێزگای خۆراسانی باکوور نیشتەجێیە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ڕێکەوتی ٤ـی تەمووزی ٢٠٢٦، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری یان ڕێوشوێنی یاسایی، دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی حەمید محەمەدزادە نییە و بەدواداچوونەکانیشیان بێ وەڵام ماونەتەوە.
شایانی باسە، لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراندا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە پارێزگا کوردنشینەکان دەستبەسەر کراون کە بەشێکیان ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن بوونەتەوە و چارەنووسی بەشێکی دیکەشیان بەهۆی بێسەروشوێنکردنیان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، تا ئێستا نادیارە.