دۆسیەی دەستگیرکراوانی "لالەزار" بەرەو قۆناغێکی نوێ و جیاواز هەنگاو دەنێت. لە نوێترین پێشهاتدا، برای یەکێک لە قوربانییانی تیرۆر لەلایەن هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، زانیاریی حاشاهەڵنەگر و شۆککەر لەبارەی دۆخی تەندروستیی یەکێک لە گیراوانی ئەو دۆسیەیە ئاشکرا دەکات.
ئاوێنە: سامان جاف، برای عەقیدی تیرۆرکراو (هاوکار جاف)، لە ڕێگەی پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ڕایگەیاند: ئەنجامی فەرمی پشکنینە پزیشکییەکانی تایبەت بە دۆسیەی "حەمەڕەش" (یەکێک لە گیراوانی لالەزار) دەرچووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ئەنجامانە، سەرجەم ئەو گوتە و ڕاستییانە دەسەلمێنن کە حەمەڕەش پێشتر لەبەردەم دادگادا درکاندبوونی.
سامان جاف پەردەی لەسەر زانیارییەکی مەترسیدار لادا و ڕایگەیاند؛ بەپێی بەڵگە و پشکنینە پزیشکییەکان، دەرکەوتووە کە حەمەڕەش "بەهۆی لێدانی توند و بەکارهێنانی وزەی کارەباوە لە پیاوەتی خراوە."
حەمەڕەش کە وەک یەکێک لە گیراوانی سەرەکیی دۆسیەی لالەزار دەناسرێت، پێشتر چیرۆکێکی تری لەناو هۆڵی دادگادا دروستکردبوو. بەپێی زانیارییەکانی پارێزەرانی لاهوور جەنگی، لە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی (لاهوور و براکانی)، حەمەڕەش تەنیا وەک شایەدحاڵێک برابووە بەردەم دادوەر.
بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان لەوێدا پێچەوانە بووەوە؛ حەمەڕەش لەبەردەم دادوەردا ڕایگەیاند کە ئەو نەک شایەد نییە، بەڵکو قوربانییە. ناوبراو ئاشکرای کردبوو کە لەژێر ئەشکەنجەی توندی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیدا، چەندین شوێنی جەستەی شکێندراوە، ئازارێکی دەروونی و جەستەیی قورسی پێگەیەندراوە و بەو هۆیەوە لە پیاوەتیش خراوە.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییە ههستیارانە لەلایەن سامان جافەوە، تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاری سلێمانی هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە. نە پزیشکی دادوەریی سلێمانی و نە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی و ئەمنیی تری ئەو شارە، چاوەڕوانییەکانیان نەشکاندووە و هیچ ڕوونکردنەوە یان ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەبارەی دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکانی "حەمەڕەش" و ڕاستی و دروستیی ئەم تۆمەتانە بڵاونەکردووهتەوە.