مستەفا قەرەسوو: تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ناتۆوە کورد قڕ بکات و پڕۆسەی ئاشتی پەکبخات
  2026-07-08       514       

ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا لە هەوڵدایە لە ڕێگەی هاوپەیمانی ناتۆوە گەلی کورد لەناو ببات. هاوکات جەختی کردەوە کە هاوکێشەکان گۆڕاون و نەیارانی کورد چیتر ناتوانن وەک ڕابردوو، کورد بکەنە قوربانیی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان.

ئاوێنە: مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "مەدیا هەبەر" ئاماژەی بە دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان کرد و ڕایگەیاند، ڕێگرییکردن لە ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی دیدار لەگەڵ ناوبراو، نیشانەیەکی ڕوون و نەرێنییە کە نیشانی دەدات دەوڵەتی تورکیا نێیەتێکی ڕاست و دروستی بەرامبەر بە پڕۆسەی ئاشتی نییە.

ئەو بەرپرسەی کەجەکە ئاشکرای کرد، سەرەڕای ئەوەی لە ڕابردوودا چەندان هەنگاوی مێژوویی نراون، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی سیاسەتە چەقبەستووەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ و جدی لە "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"دا بەدی نەکراوە.

قەرەسوو تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان و ڕایگەیاند کە ناوبراو لە پێناو داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی و دەرکردنی یاسای بنەڕەتی (دەستووری) بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی کورد هەوڵێکی بێوچانی داوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە دوایین پێشهاتدا لە ٢٤ی ئایاردا، پێشنیازنامەیەکی فەرمی پێشکەش بە دەوڵەتی تورکیا کردووە.

مستەفا قەرەسوو ڕەخنەی توندی لە بەردەوامیی دۆخی گۆشەگیری گرت و وتی:

"لە کاتێکدا پڕۆسەیەکی ئاوا گرنگ لە ئارادایە و دەرفەتی دیداریش هەیە، ماوەی مانگ و نیوێکە (٤٥ ڕۆژ) هیچ دیدارێک لەگەڵ ڕێبەرایەتی ئەنجام نەدراوە. ئەمە کێشەیەکی رژدە و دەیسەلمێنێت کە دەوڵەت نزیکایەتییەکی ڕاستی بۆ پرۆسەکە نییە، چونکە کێشەیەکی ئاوا گەورە تەنیا بە پشتگیریی کۆمەڵایەتی چارەسەر دەبێت".

ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە دووپاتی کردەوە، پێویستە یاسای بەڕێوەبردن و خۆجێیی نێوخۆیی (کە ئۆجەلان وەک یاساکانی ئازادی ناویان دەبات) بە فەرمی دەربچێت، تاوەکو ڕێگە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک، ئیرادەی ئازاد و چەسپاندنی پێگەی ڕەوای کورد لە دەستووری وڵاتەکەدا خۆش ببێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مستەفا قەرەسوو باسی لە بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەنکەرە کرد و ناسنامەی ئەم ڕێکخراوەی وەک "ڕێکخراوێکی شەڕ، نەک ئاشتی" پێناسە کرد، کە کار لەسەر دروستکردنی قەیران و قووڵکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان دەکات.

ڕاوچی وتی، تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی بازرگانیکردنی سیاسی و بەدەستهێنانی پشتگیریی هێزە دەرەکییەکانی نێو هاوپەیمانێتی ناتۆ، درێژە بە سیاسەتی قڕکردن، سڕینەوە و چەوساندنەوەی گەلی کورد بدات، ئەمەش لە ڕاستیدا نیشانەی بنبەست و تەنگاوبوونی ڕوونی سیاسەتی دەرەوەی ئەنکەرەیە.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە پڕۆسەی دەرکردنی یاسای چاکسازی هێڵراوەتەوە بۆ دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی ناتۆ، قەرەسوو وتی:

"ئەمە ڕەوشێکی مەترسیدارە و بەو مانایەیە کە دەوڵەتی تورکیا چاوەڕێی دەرەنجامی لووتکەکە دەکات، ئەگەر پشتگیریی ناتۆ بەدەست بهێنێت، واز لە چارەسەری کێشەی کورد دێنێت و دووبارە شەڕ هەڵدەگیرسێنێتەوە".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بەرپرسانی ئەنکەرە و هاوپەیمانانی کرد و ڕایگەیاند: "کوردی ئێستە کوردی پێشوو نییە، چیتر بە قوربانیکردنی کورد لە پێناو بەرژەوەندیی ئەواندا وەک ڕابردوو ئاسان نابێت".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×