كۆمه‌ڵ داوا له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و واده‌یه‌كی نوێ بۆ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریبكات
  2026-07-08       107       

بۆردی یاسایی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان داوا له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ هه‌یه‌تی بڕیاربدات به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و دیاریكردنی واده‌یه‌كی نوێ بۆ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن.

بەیاننامەیەک لە بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەرییەوە

ئاوێنه‌: بۆری یاسایی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕایگشتی و ناوەندە یاساییەکان سەرقاڵن بە دەنگۆی کارنەکردن و هەڵپەساردنی بەشێک لە دادوەرانی بەڕێزی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان.

وتوشیه‌تی، ئەم هەڵوێستەی دادوەران ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کێشە یاساییە کەڵەکەبوەکانی ناو دادگاکان و ململانێ سیاسییەکانی نێوان دو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمە، کە هۆکارن لەسەر ڕێکنەکەوتن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، دەسەڵاتی دادوەری، وەک باڵاترین مەرجەع لەبری ئەوەی ببنە فریادرەسی پاراستنی مافەکان و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ قەیرانەکان، مەخابن دەبینین کارەکانی باڵاترین دەستەی دادوەری کە دادگای پێداچونەوەیە لەلایەن بەشێک لە دادوەرانەوە کارەکانی بەرەو پەککەوتن دەبرێت.

هێماب بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین لەبەرئەوەی سەرجەم دامەزراوە دەستوری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی یاساییان نەماوە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەیەکی نوێ و خێرا بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعیەت بۆ دامەزراوەکان بگەڕێتەوە و سەروەریی یاسا باڵادەست بێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕایگشتی و ناوەندە یاساییەکان سەرقاڵن بە دەنگۆی کارنەکردن و هەڵپەساردنی بەشێک لە دادوەرانی بەڕێزی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان.

ئەم هەڵوێستەی دادوەران ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کێشە یاساییە کەڵەکەبوەکانی ناو دادگاکان و ململانێ سیاسییەکانی نێوان دو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمە، کە هۆکارن لەسەر ڕێکنەکەوتن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەگەر لە ڕابردودا دروشمی "سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری" بەرزکرابێتەوە، ئەوا ئەمڕۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ڕونی دەبینن چۆن کۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان (یاسادانان، جێبەجێکردن، و دادوەری) لەژێر کاریگەریی پشکپشکێنەی حیزبیدا قۆرخکراون؛ ئەمەش هەرێم و هاوڵاتیانی ڕوبەڕوی دەیان قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی قورس کردوەتەوە.

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان

ئێوە دەبین کە؛ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)، زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگە بەسەر دوایین کۆبونەوەی خۆیدا تێپەریوە، بەڵام دانیشتنەکە بەکراوەیی هێڵدراوەتەوە و تا ئێستاش لایەنەکان نەیانتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێنن.

دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت)، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە حکومەتی هەرێم بوەتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر و لەبری کارکردن بە دەقە یاساییەکان، پەنا بۆ دەرکردنی فەرمان دەبرێت کە بەهۆیانەوە چەندین ڕسوماتی نایاسایی بەسەر هاوڵاتیاندا سەپێنراون و بارگرانییەکی دارایی گەورەیان بۆ خەڵکی دروستکردوە.

ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتەکانیان لێوەرگیراوەتەوەو هیچ چاودێرییەک بەسەر ئیدارەی حکومەتە خۆجێییەکانەوە نەماوە. هاوکات ئەنجومەنە شارەوانییەکانیش ماوەی یاساییان بەسەرچوە و شەرعیەتیان لەدەستداوە.

دەسەڵاتی دادوەری، وەک باڵاترین مەرجەع لەبری ئەوەی ببنە فریادرەسی پاراستنی مافەکان و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ قەیرانەکان، مەخابن دەبینین کارەکانی باڵاترین دەستەی دادوەری کە دادگای پێداچونەوەیە لەلایەن بەشێک لە دادوەرانەوە کارەکانی بەرەو پەککەوتن دەبرێت.

بۆیە ئێمە لە "بۆردی یاسایی" لە روانگەی هەستکردنمان بە خەم و گرفتەکانی خەڵک و گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ دامەزراوەکانی هەرێم، داوا لە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین لەبەر ئەوەی سەرجەم دامەزراوە دەستوری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی یاساییان نەماوە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەیەکی نوێ و خێرا بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعیەت بۆ دامەزراوەکان بگەڕێتەوە و سەروەریی یاسا باڵادەست بێت.

بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەری

8ی تەمموزی 2026

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×