پلەکانی گەرما دەگەنە نیوەی کوڵان؛ شەپۆلێکی توندی گەرما عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
  2026-07-09       325       

بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، وڵاتانی ناوچەکە و عێراق رووبەڕووی شەپۆلێکی بەتینی گەرما دەبنەوە کە تا ٢٠ی تەمووز بەردەوام دەبێت و لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما بۆ ٥١ پلە بەرزدەبنەوە.

ئاوێنە: شارەزای کەشناسی، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی رایگەیاند؛ لە ڕۆژی هەینی ١٠ی تەمووزی ٢٠٢٦ەوە، بارستە هەوایەکی گەرم ڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. بەپێی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی تەدریجی ٢ بۆ ٣ پلە بەرزدەبنەوە، تاوەکو لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا (١٢ی تەمووز) کاریگەرییەکانی زیاتر دەبێت و چەقی گەرماکە لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا دەبێت.

​نەخشەی پلەکانی گەرما لە شارەکانی هەرێم

​بەپێی پێشبینییەکان، ناوچە دەشتاییەکان بەراورد بە ناوچە شاخاوییەکان گەرمتر دەبن، دابەشبوونی پلەکانی گەرما لە ژێر سێبەردا بەم جۆرە دەبێت:

​گەرمیان، کەرکوک و ڕۆژئاوای هەولێر (خەبات، گوێڕ، شەمامک): ٤٥ بۆ ٤٧ پلە (لە ڕۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە).

​هەولێری پایتەخت: ٤٤ بۆ ٤٥ پلە.

​هەڵەبجە: ٤٣ بۆ ٤٥ پلە (ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە گەرمتر دەبێت لە سلێمانی).

​سلێمانی و ڕاپەڕین: ٤٢ بۆ ٤٣ پلە.

​زاخۆ: ٤٢ بۆ ٤٣ پلە.

​سۆران و دهۆک: ٤١ بۆ ٤٢ پلە.

​حاجی ئۆمەران و دەوروبەری: ٣٣ بۆ ٣٥ پلە (فێنکترین ناوچەی هەرێم).

​عێراق؛ گەرما دەگاتە ٥١ پلە

​شەپۆلەکە تەنها هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە پلەیەکی توندتر بەخۆیەوە دەبینێت. لە شارەکانی بەسڕە، عەمامە و ناسریە، لە ڕۆژانی سێشەممە تا هەینی، پلەی گەرما دەگاتە ٥٠ بۆ ٥١ پلەی سیلیزی (نیوەی کوڵان). هاوکات لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراقیشدا پلەکان دەگەنە ٤٨ بۆ ٤٩ پلە. شایەنی باسە ئەم شەپۆلە وڵاتانی کوێت، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، یەمەن و عومانیش دەگرێتەوە.

​هۆشداری گرنگ بۆ هاوڵاتیان

​هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی هۆشداری دەدات کە لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆ تا عەسر، ڕێژەی تیشکی سەرووی وەنەوشەیی بەرزدەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان ئەم ڕێکارانە بگرنەبەر:

​خۆپاراستن لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر.

​خۆبەدوورگرتن لە چوونە دەرەوە ئەگەر کاری زۆر پێویست نەبێت.

​ئاگاداربن کە کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا ڕێکەوتی ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×