کارمەندانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەی شەھید دکتۆر جەعفەر ماوەی چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە ،کۆمپانیای لاست لیف کەئەرکی پاککردنەوەی بنکە تەندروستیەکانی کۆیەیە رایدەگەیەنێت کەوا حکومەت پارەیان بۆ خەرج ناکات ،دوو مووچەشیان لەسەر ئەرکی خۆیان خەرج کردووە.
ئاوێنە: بەشێک لەکارمەندانی پاککەرەوە لەکۆمپانیای لاست لیف کەنەیانویست ناویان بھێنرێت بەھۆی ترسی دەرکردنیان لەکارەکانیان بەئاوێنەیان راگەیاند کەوا بۆ ماوەی چوار مانگە واتا لەمانگی دووی ئەمساڵەوە مووچەیان وەرنەگرتووە ،ھەربۆیە چەند رۆژێک پێش ئێستا بایکۆتی دەوامیان کردوە بەھۆی خراپی بارودۆخی داراییان ، بەڵام بەھۆی فشاری زۆر و ترسی دەرکردنیان لەکارەکانیان گەڕانەتەوەو دەستیان بەکارکردن کردوەتەوە.
کۆمپانیای لاست لیف کەئەرکی پاککردنەوەی بنکە تەندروستیەکانی کۆیەیە ئاماژە بەوە دەکەن حکومەت پارەیان بۆ خەرج ناکات لەوبارەیەوە ھەژار نەجات بەرێوبەری کۆمپانیای لاست لیف بۆ ئاوێنە ووتی" ئێمە بەشێوەی قست پارە لەبانکەکانی ھەولێر وەردەگرین ئەوانیش ھەموو جارێک ۱٥ ٪ پارەکەمان پێدەدەن ئەو بڕەش بەشی مووچەی کارمەندەکان ناکات ،ھەر بۆیە ھەموو مانگێک مووچەکەیان دوادەکەوێت ".
ناوبراو گلەیی لەتەندروستی کۆیە ھەیە و ئاماژە بەوە دەکات کەوا ئەوان کەمتەرخەمن لەبەدواداچوونی ئەو پارەیەی لەبانکەکانی ھەولێرەوە دابین دەکرێت ،لەکاتێکدا کارمەندانی پاککەرەوە لەشارەوانی کۆیە بەھەمان شێوەیە ،بەڵام لەبەرئەوەی سەرۆکی شارەوانی خۆی دەچێت بۆ ھەولێر و پارەکە دابین دەکات مووچەی مانگی پێنجمان پێداون ، بەڵام تەندروستی کۆیە ھیچ کاتێک نەھاتوە شەڕت بۆ بکات لەو بابەتە.
بەرێوبەری کۆمپانیای لاست لیف ئاشکرای دەکات و دڵنیایی دەداتە کارمەندانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەی کۆیە کەوا ھەوڵەکانمان بەردەوامن و لەھەفتەی داھاتوو مووچەیان پێدەدەین ،ووتیشی "رەنگە لەماوەی مانگێک دوو مووچەیان پێبدەین".
لەبەرامبەر ئەوەشدا بەرێوبەری تەندروستی کۆیە رایدەگەێنێت کەوا ئەو کۆمپانیا کەمتەرخەمە لەجێ بەجێ کردنی کارەکانیان ، د.محەمەد فەرمان بەرێوبەری گشتی تەندروستی کۆیە لەلێدوانێکی بۆ ئاوێنە ووتی"کۆمپانیای لاست لیف ماوەی شەش مانگە ھیچ مەوادێکی پاککەرەوەی نەھێناوە ، چوار مانگە مووچەی کارمەندەکانی نەداوە لەکاتێکدا لەگرێبەستەکەدا ھاتووە ئەگەر حکومەتیش پارەی بۆ خەرج نەکات دەبێت مووچەی کارمەندەکان بدات، بۆیە ئەگەر ئێمە ئەستۆپاکی بۆ بکەین دەبێت ئەویش کارەکانی بەتەواوی بکات ،بەڵام ئەوان زۆر کەمتەرخەمن" .
ناوبراو ووتی"لەسەر ئەو کەمتەرخەمیانە ئێمە چەندین جار ئاگادارمان کردوەتەوەو سزای داراییمان داوە و ساڵی رابردوو دۆسیەکەمان داوە بەداواکاری گشتی و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوە ، ھەر بۆیە ئێمە ھەموو کارە کارگێرییەکانی خۆمان کردوە و چەکی پارەشمان بۆ کردووە ،بەڵام پارە ھێنان ئیشی ئێمە نیە و دەبێت خۆی بەدواداچوونی بۆ بکات لەکاتێکدا لەو ڕوەوەش ھاوکاریمان کردوو".
بەرێوبەری گشتی تەندروستی کۆیە ھێمای بۆ ئەوەش کرد کەوا رێکارەکانمان تەواو کردوە و چەکی پارەمان بۆ کردوە و ھەفتەی داھاتوو موچەی کارمەندەکان دابین دەکرێت، ئەو وتی" ئەو کێشە گشتگیرەو تەنھا ئەو کۆمپانیایە نیە ، کۆمپانیاکانی تریش کەکەل و پەل و پێداویستە تەندروستیەکان دەھێنیت پارەیان بەو شێوەیە پێدەدرێت ،بەڵام کارەکانیان بەباشی کردووە".